بازرگانێکی زێڕ: شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بوەستێت نرخی زێڕ 100 دۆلار دادەبەزێت

رووداو دیجیتاڵ 

بازرگانێكی زێڕ دەڵێت، ئەگەر شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بوەستێت نرخی زێڕ بۆ هەر ئۆنسەیەک 100 دۆلار لە بەهاکەی لە دەست دەدات، بەڵام ئەگەر باردۆخەکە بەمشێوەیە بمێنێتەوە، نرخی زێڕ زۆر بەرزدەبێتەوە. ئەندامێکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر باس لەوەدەکات ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق بە نرخی فەرمی دۆلار بە زێڕنگران بفرۆشێت نرخی یەک مسقاڵ زێر نزیکەی 80 هەزار دینار دادەبەزێت.
 
بووڵەتنی ئەمڕۆی ئابووری کاژێر 9:00 رووداو، کە بەختیار عەبدولعەزیز، پێشکێشی دەکات تایبەت بوو بە رووماڵی ناجێگیری بەهای زێڕ لە بازاڕەکاندا بە میوانداریکردنی هەریەک لە سەید یونس ئەحمەد، زێڕنگەر لە ستۆدیۆی دهۆک و دانا وەرتی، ئەندامی سەندیکای زێڕێنگەرانی هەولێر. گفتوگۆیان لەبارەی نرخی زێڕ لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان کرا لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ. 
 
هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمرۆ پێنجشەممە (07-12-2023)، گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە و بە نزیکەی 2030 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. جێگیربوونی نرخی زێر لە ئاستی ئێستا دوای بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کانزای زەرد دێت کە توانی رۆژی دووشەممە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماربکات و بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 2145 دۆلار.
 
سەید یونس ئەحمەد، دەڵێت، "لە ماوەیەکی کەمدا لە ئاستی جیهان خواستێکی زۆر بۆ کڕینی زێڕ دروست بوو ئەوە هۆکاری بەرزبوونەوەی زێڕ بوو بۆ ئەو نرخە مێژووییە. بەڵام لەو ئاستەدا خواست لەسەر کڕینی زێڕ کەمیکرد و نرخەکەی دابەزی، بەڵام ئەگەر سوودی بانکی دابەزێت نرخی زێڕ زۆر بەرزدەبێتەوە."
 
لە بازاڕەکانی نێوخۆ و بازاڕی وردەفرۆشیی زێر، خواست بۆ کڕین کەمیکردووە بە گوتەی دانا وەرتی، ئەندامی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، تاوەکو ئێستا بانکی ناوەندی بە نرخی فەرمی دۆلاری بە بازرگانانی زێڕ نەداوە، بەڵام  ئەگەر بانکی ناوەندی ئەو کارە بکات، نرخی زێڕ لە نێوخۆ دادەبەزێت زێڕی عەیار 21 لە 455 هەزار دینارەوە بۆ 375 دادەبەزێت، ئەوەش کاریگەری زۆر باشی دەبێت لەسەر بازاڕی وردەفرۆشیی زێڕ و بازاڕ دەبووژێتەوە.
 
رۆژی 6-12-2023 شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، "ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی بازرگانی زێڕی ناوچەکە و بازرگانانی زێڕ لە دوبەیەوە زێڕی قاڵب هاوردەی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر دەکەن لێرەشەوە بە فەرمی زێڕ هەناردەی تورکیا دەکرێت و بۆ هەر کیلۆگرامێک زێڕی قاڵب بڕی 900 دۆلار لە بازرگانان وەردەگیرێت، بەڵام بۆ ئێران بە قاچاخ دەبرێت و لەبەرئەوەی رێگەکە نافەرمییە بڕەکەی نازانرێت."
 
لەبارەی بە قاچاخبردنی زێڕ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، دانا وەرتی گوتی، "ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین لە هەولێر زێڕ بە یاسا هاوردە و هەناردە دەکرێت."
 
بازرگانێکی زێڕ: دەیان کەس بەهۆی مامەڵەکردن بە زێڕ لە بازاڕی ئۆنلاین مایەپووچبوون  
 
خواست لە مامەڵەکردن لە بازاڕی فۆڕێکس لە ئاستی جیهان و هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، بەڵام ناشارەزایی لەو بازاڕە بە گوتەی سەید یونس دەیان کەسی لە دهۆک مایەپووچ کردووە. ئەو دەڵێت، "بازاڕی ئۆنلاین وەک قومار وایە، چەند هاوکاری خۆم بە ملیۆن و دوو ملیۆن دۆلار زەرەمەندبوون تاوەکو مایەپووچ بوون."
 
چۆمان حەسەن، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی کۆمپانیای سمارت ترێیدەر رایگەیاند، مامەڵەکارانی بازاڕە داراییەکان دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەن خۆیان لە ریسک بەدوور بگرن، لەم کاتەدا بازرگانان دەتوانن زێڕ بکڕن، چونکە لە دوورمەودا نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە."
 
ئەمرۆ پێنجشەممە، چەندین ئاماری پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاودەبنەوە و پێشبینی دەکرێت لەدوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکان ئاراستەی نرخی زێڕ دەرکەوێت، زوانی مەهتا، شرۆڤەکاری بازاری زێڕ لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەر نرخی زێر دابەزێت بۆ نزیکەی 2010 دۆلار، بەدڵنیاییەوە ئەگەری پاشەکشەی زیاتری بۆ ئاستەکانی 1990 دۆلار لە ئارادایە."
 
هاووڵاتییانی تورکیا سەرمایەکانیان دەکەنە زێڕ و دۆلار
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا خەڵک پارەکانیان بە لیرەی تورکی ناهێڵنەوە سەرمایەکانیان دەکەنە زێڕ و دۆلار، عومەر سۆنمەز پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبووڵ رای هاووڵاتییانی وەرگرتووە، کە بۆچی خواستیان لە سەر کرینی زێڕە، خانەنشینێک کە قسەی بۆ کردووە دەڵێت، "لیرە بەردەوام بەهاکەی لە دەست دەدات، بۆیە پارەکەم دەدەم بە زێڕ."
 
هاوشێوەی باکووری کوردستان و تورکیا لە رۆژئاوای کوردستانیش خەڵک خواستیان لەسەر ئەوەیە پارەکانیان بکەنە زێڕ بە گوتەی زێڕەنگەرێک خواست بۆ کڕینی زێڕ لە رۆژئاوای کوردستان زیاترە لە سووریا. محەممەد خێر، زێڕەنگەرە لە قامیشلۆ دەڵێت، بە بەراورد لەگەڵ بازاڕی زێڕ لە سووریا، بازاڕی زێڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان باشترە.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ساڵ بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو خواست لەسەر کڕینی زێڕ کەمیکردووە، بازاڕی زێڕ سستبووە.
 
پشیبینی دەکرێت نرخی زێڕ دابەزێت 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەندین ئاماری پەیوەست بە بازاری کاری ئەمریکا بڵاودەبنەوە و پێشبینی دەکرێت لەدوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکان ئاراستەی نرخی زێڕ دەرکەوێت.
 
دانا وەرتی، ئاماژە بەوەدەکات ئەگەر رۆژی هەینی کە بازاڕەکان داخران نرخی زێڕ لە خوار 2040 دۆلار مامەڵەی پێوە بکرێت، هەفتەی داهاتوو نرخی زێڕ دادەبەزێت بۆ نزیکەی 1980 دۆلار. دەشڵێت، ئەگەر نرخی زێڕ بەرزببێتەوە ناگاتەوە ئاستی 2100 دۆلار.
 
لە بەرامبەردا سەید یونس پێیوایە نرخی زێڕ پەیوەستە بە راگەیاندنی سوودی بانکی لە لایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکا گوتی، "ئەگەر بانکی فیدراڵی سوودی بانکی دابەزێنێت بەهای زێڕ دەگاتەوە ئاستی 2145 دۆلار."