بانکی جیهانی: راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان پاشەکشە بە ئابووریی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بانکی جیهانی دەڵێت، گەشەی ئابووریی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو خاو دەبێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووریی عێراق 1.1٪ پاشەکشە بکات.
بانکی جیهانی نوێترین راپۆرتی "ئاسۆی ئابووریی جیهان"ـی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئابووریی جیهان لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و بەرەو خاوبوونەوەیەکی بەرچاو لە گەشەکردن هەنگاودەنێت، چونکە زیادکردنی بەرچاوی رێژەی سوودی بانکی کاریگەریی نەرێنی لەسەر چالاکییەکان داناوە و لاوازییەکانی وڵاتانی کەمداهاتیشی دەرخستووە.
هەرچەندە بانکەکە پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان ئەمساڵ لە 1.7٪ـەوە بۆ 2.1٪ بەرزکردووەتەوە، بەڵام ئەو پێشبینییەیان لە 2.7٪ـەوە بۆ 2.4٪ لە ساڵی داهاتوودا کەمکردووەتەوە؛ هۆشداریش دەدات لەوەی مەترسی هەیە پێشبینییەکان زیاتر دابەزێنن.
لەبارەی عێراقەوە بانکی جیهانی رایگەیاندووە، پێشتر پێشبینییان دەکرد ئەمساڵ ئابووریی عێراق نزیکەی 4٪ گەشە بکات، بەڵام ئێستا پێشبینی دەکەن ئابووریی عێراق لە ساڵی 2023ـدا 1.1٪ پاشەکشەبکات.
بانکەکە هۆکاری پاشەکشەی ئابووریی عێراق بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە؛ کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی ئۆپێک پڵەس و راگرتنی هەناردەی نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کوردستان.
بەپێی پێشبینی بانکی جیهانی، وا دەردەکەوێت ئەمساڵ ئابووریی ئەمریکا 1.1٪ گەشەبکات، بەڵام لە ساڵی داهاتوودا ئەو رێژەیە بۆ 0.8٪ کەم ببێتەوە.
لەبارەی ئابووریی چینیشەوە بانکی جیهانی پێشبینی دەکات ئەمساڵ گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە 5.6٪ بێت، بەڵام لە ساڵی 2024ـدا بۆ 4.6 خاوببێتەوە.
لە راپۆرتی ئاسۆی ئابووریی جیهاندا، بانکی جیهانی دەڵێت، پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی وڵاتانی عەرەبی بە رێژەی زیاتر لە یەک لەسەر سێ کەمکردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی بانکەکە، ئەمساڵ گەشەی ئابووری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا 2.2٪ دەبێت، لەکاتێكدا پێشتر بانکەکە پێشبینیی دەکرد 3.5٪ گەشە بکات.