هاوردە و ناردنکاران: ئەگەر بارهەڵگرەکان بە رێگەی پردێدا هاتووچۆ بکەن سەرانەیان لێ وەردەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی دوو هەفتەیە، رێگەکانی نێوان سلێمانی و هەولێر لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەهۆی خراپیی رێگەوبان و نەبوونی خزمەتگوزاری، بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخراون، تەنیا رێگەی کەرکووک هەولێر بۆ هاتووچۆ کراوەیە، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەو رێگەیەشەوە "سەرانەیان لێ وەردەگیرێت".
 
رۆژی یەکشەممە 07-05-2023، عەتا شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئەگەر بارهەڵگرەکان لە رێگەی کەرکووک هەولێرەوە هاتووچۆ بکەن، ناچارن گومرگێکی دیکەش بدەن.
 
عەتا شێخ محەممەد، ئاماژەی بەوە کرد، بارهەڵگرەکان ئامادەنین لە رێگەی هەولێر کەرکووکەوە هاتووچۆ بکەن ''چونکە عێراق بە پاساوی گومرگ، بیانوویان پێدەگرێت، بازگەکان بڕە پارەیەکی زۆریان لێدەستێنن کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان''.
 
رێگەی هەولێر کەرکووک جگە لەوەی رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی نێوان هەولێرە لەگەڵ پارێزگاکانی کەرکووک و سلێمانی، هەروەها رێگەی گرنگی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراقیشە.
 
رێگەی پردێ یان هەولێر - کەرکووک لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 داخرا. هەرچەند دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی رێگەکەی لەلای خۆیەوە راگەیاند، بەڵام هێشتا حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر کردنەوەی بۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان نەداوە.
 
سەبارەت بە گرفتەکە، رۆژی 02-05-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بڕیارماندا هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رێگەی کەرکووکەوە بێت و بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر بە زووترین کات ئەو ئامادەکارییانە دەکات بۆ ئەوەی بەربەستەکان نەهێڵێت و بارهەڵگرەکان بەو رێگەیەدا هاتووچۆ بکەن".
 
ئەوە لەکاتێکدایە وەک جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر بارهەڵگرێک کە بە رێگەی هەولێر کەرکووکدا هاتووچۆ دەکات، ''نزیکەی 1500 بۆ 2000 دۆلاری بە گوێرەی بارەکە لێوەردەگیرێت، کە ئەوەش سەرانە و تەحەدایە''.
 
ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی داخرانی رێگەکانی نێوان سلێمانی و هەولێر، گازی حکومیش بە پارێزگای دهۆک نەگەیشتووە و تەنیا گازی بازرگانی لە بازاڕدا هەیە، ئەوەش نرخی گازی بەرزکردووەتەوە، بەجۆرێک پێشتر نرخی بوتڵێک گازی شلی ماڵان بە هەشت هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا لە بازاڕ بە نۆ هەزار دینارە و لە کۆڵانانیش بە 11 هەزار دینارە.
 
عەتا شێخ محەممەد لەوبارەوە گوتی: ''دەبێ ئەو خەڵکەی لەسەر جادەکان وەستاون و رێگەکانیان گرتووە، خەڵکی ناوچەکانی دیکە لەبەرچاو بگرن، مەسەلەی گاز، پێداویستیی هەموو ماڵێکە، پێویستە ئەوانەی رێگەکانیان گرتووە، رێگە بە بارهەڵگرەکانی گازی حکومی بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن گاز بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بگەیێنن''.
 
گرفتی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە کاتێکدایە، بەشێکی  شۆفێران هەڕەشەی ئەوە دەکەن؛ ئەگەر گرفتەکە چارەسەر نەکرێت، ئەوانیش بە گشتی رێگەکان دەبەستن و رێگە بە ئۆتۆمبێلی بچووکیش نادەن هاتووچۆ بکەن.