نزار غەفار: نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانی کاریگەریی لەسەر نەخۆشخانەکان دروستکردووە


رووداو دیجیتاڵ

داهاتەکانی پارێزگای سلێمانی، نوێترین ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە هاوبەشی سەرەکین لە حوکمڕانیدا.
 
جگە لە پۆستی سەرۆککۆمار و ناتەبایی لە تێڕوانین لە پرسەکانی عێراق، ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشی هاتووەتە سەر.
 
بەپێی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، داهاتەکانی نێوخۆ لەنێوان 350 بۆ370 ملیار دینار دەبێت و نزیکەی نیوەی بۆ موووچە تەرخاندەکرێت، بەڵام چەند مانگێکە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کێشە بۆ ئەو مووچەیە دروست دەبێت کە پێویستە لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی بدرێت، هێشتا ئاسۆیەکی روونیش نییە کە حکومەت چۆن ئەم کێشەیە چارەسەردەکات.
 
نزار مەلا غەفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەشتوگوزاری پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، "پێمان باشە لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کە یاداشتێک ئامادەکراوە بدرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان سەبارەت بە داهاتی پارێزگای سلێمانی، شارەوانیش وەکو گشت سێکتەرەکانی دیکە ئەو پارە و داهاتانەی شارەوانی کۆدەکرێتەوە و دەبرێتە خەزێنە، بەداخەوە دیار نامێنێت، بۆیە ئێمە خۆمان بە نیگەران دەزانین و بەدواداچوونیش دەکەین سەبارەت بە دیارنەمانی ئەو داهاتانەی شارەوانی و سێکتەرەکانی دیکە لە پارێزگای سلێمانی." 
 
هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچە پشت بە داهاتەکانی نەوت، 200 ملیاری بەغدا و داهاتە نێوخۆییەکان دەبەستێت، بەڵام نەگەڕانەوەی بەشێکی داهاتەکانی پارێزگای سلێمانی و دیارنەمانی، پارەی لە بانکەکان نەهێشتووە، ئەمەش راستەوخۆ  کاریگەریی لەسەر نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەکان و خەرجنەکردنی مووچەی ژینگەپارێزەرانیش کردووە.
 
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، پێویستە مووچەخۆران لە کفرییەوە تاوەکو زاخۆ بەیەک سیستەم مووچە وەربگرن و دەشڵێت، "داهات زۆرە و هەیە، بەڵام ئیدارەدانی داهاتەکە تەندروست و رێک نییە، ئەگەرنا من وەکو خۆم بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە بۆ دەروازەی پەروێزخان و باشماخ کردوومە و وە بۆ سێکتەری کارەبا، هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی و گەرمیان وە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی باشماخ و پەروێزخان داهاتی مانگی دوویان نزیکەی 60 بۆ 65 ملیار دینار بووە، ئەمە بەدەر لە سێکتەرەکانی دیکە."
 
15 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەیان كردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی داهاتی سلێمانی، بەتایبەت لەبارەی داهاتی ‏دەروازە سنوورییەكانی باشماخ ‌و پەروێزخان، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ‏گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی.