دەیان کارگەی بلۆک لە راپەڕین داخراون؛ 'کەس ناڵێ بلۆکت بەچەند'


رووداو دیجیتاڵ 

بلۆکی راپەڕین بەنێوبانگە لەنێو ئەو وەستا و کرێکار و ئەندازیارانەی کاری خانووبەرە دەکەن، بەڵام لە ماوەی 10 ساڵدا 60 کارگەی بەرهەمهێنانی بلۆک لە ئیدارەی راپەڕین داخراون. 
 
راوەستانی پڕۆژەکان، زۆریی نرخی کارەبا و باج لەلایەک و لە لایەکی دیکەوە پێنەدانی مووچە کاریگەری راستەوخۆی کردووەتەوە سەر بازاڕی بلۆک لە هەرێمی کوردستان.
 
مستەفا عەزیز، خاوەنی کارگەیە لە ناحیەی چوارقوڕنە، دەڵێت، 600 هەزار بلۆکی لە کارگەکەی هەڵچنیوە و کەس لێی ناپرسێت، ئەگەر دۆخەکە باش نەبێت "مانگێکی دیکە کارگەکەم دادەخەم."
 
ئەو خاوەن کارە 12 ساڵ پێش ئێستا کارگەی بلۆکەکەی بە بەهای 190 هەزار دۆلار لە چوارقوڕنە دروستکردووە، بە هیوای ئەوەی ببێتە سەرچاوەی داهاتێکی باش بۆ خۆی و خێزان کۆمەڵێک کەس لە بێکاری رزگار بکات، بەڵام بەهۆی بێبازاڕییەوە دەڵێت، "بە ئەگەری زۆرەوە پێش مانگی رەمەزان کارگەکەم دادەخەم، چونکە لە مانگی 12ـەوە لەسەر زەرەر ئیش دەکەم." 
 
بووڵتەنی ئابووریی رووداو بەدواداچوونی بۆ هۆکاری داخستنی کارگەکان کرد، مستەفا عەزیز لە بووڵتەنەکە بەشدار بوو و گوتی، باردۆخی کارگەکان زۆر خراپە، حکومەت بە هیچ جۆرێک هاوکارییان ناکات تاوەکو بەردەوام بن، "پارەی کارەبا کێشەی سەرەکیمانە کە مانگانە دوو ملیۆن دینار پارەی کارەبامان بۆ دێتەوە."
 
ئەگەر بە پەندێکی کوردی باسی ئەو دۆخە بکەین، رەنگە گونجاوترینی ئەوە بێت کە بڵێین "کەس ناڵێ بلۆکت بەچەند."
 
پێش ئەم بێبازاڕییەی کە کارگەکانی بلۆکی تێکەوتوون، 18 کرێکار لە کارگەکەی مستەفا کاریان دەکرد، مانگانە زیاتر لە 500 هەزار بلۆکی دەبڕییەوە، کەچی ئێستا ژمارەکە بۆ کەمتر لە 70 هەزار دابەزیوە.

 

 
بێ بازاڕییەکە بێکاریشی زیادکردووە، لەو کارگەیەدا ئێستا 10 کرێکار نێردراونەتەوە ماڵەوە. خاوەنەکەی دەڵێت، "ئەوەندە کارمان کەمی کردووە بۆ ئەوەی شتێکمان بۆ بمێنێتەوە، خۆم و منداڵەکانم لە کارگەکە کار دەکەین."
 
قازانجی دوو بلۆکی کارگەکە 25 دینارە، چونکە نرخی جووتێک بلۆکی 20 بە 40 کە دەیفرۆشن لە کارگە بە 650 دینارە، لە کاتێکدا تێچووی دروستکردنی ئەو جووتە بلۆکە 625 دینار دەکەوێت.  
 
مستەفا عەزیز، ئاماژەی بەوەشکرد کێشەیەکی دیکەی خاوەن کارگەکان گۆڕینەوەی دینار و دۆلارە لە بازاڕەکان، چونکە کڕینی مەوادەکانیان بە دۆلارە، بەڵام بە دینار بەرهەمەکانیان دەفرۆشن، ئەوەش تووشی زەرەری کردوون.