فەرەنسا، گووگڵ و فەیسبووک بە 210 ملیۆن یۆرۆ سزا دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی فەرەنسا گووگڵ و فەیسبووک بەهۆی بەکارهێنانی 'کووکیس" کە زانیاری تایبەتی بەکارهێنەرانە بە بڕی 210 ملیۆن یۆرۆ سزا دەدات.
 
کۆمپانیا گەورە تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکا لەنێویاندا ئەپڵ و ئەمازۆن لەژێر گوشارێکی تووندی حکومەتی فەرەنسادان و سزای دارایی گەورە دراون لە ماوەی رابردوودا ئەوەش بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنیان لە ئەوروپا.
 
کۆمیسیۆنی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری و ئازادی رۆژی پێنجشەممە بە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ سزای گووگڵ و 60 ملیۆن دۆلار سزای فەیسبووکی دا ئەوە جگە لەوەی ساڵی رابردوو بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ سزای گووگڵی دا. 
 
وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت فەرەنسا هەندێ لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان تۆمەتباردەکات بە سوودوەرگرتن لە زانیاری تاکەکەسی بەشێوەی ئۆنلاین کە پێچەوانەی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپایە.
 
پێنجی ئەم مانگە ئەڵمانیا گووگڵی بە قۆرخکاری و پێشلکردنی یاسا پۆلێن کرد. حکومەتی ئەڵمانیا لە کانوونی دووەمی ساڵی 2021 یاساکانی پێشبڕکێکردنی بازاڕی هەموارکردەوە بەوەش دەستی بەرپرسانی وڵاتەکەی واڵا کرد دەستوەردان لەدژی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکاندا بکەن.
 
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2021دا، گووگڵ داوایەکی لە دووەمین گەورەترین دادگەی یەکێتیی ئەوروپا لەدەستدا لە بەرامبەردا حکومەتی برۆکسل داواکەی بردەوە و بڕی 2.4 ملیار یۆرۆ سزای بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپاند.