نرخی نەوت ئاستێکی پێوانەیی لە دابەزین تۆمار کرد؛ هەر بەرمیلێک بە کەمتر لە 75 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئاستێکی پێوانەیی نوێی لە دابەزین تۆمارکرد، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 75 دۆلار دابەزی.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-12-2023، نرخی نەوتی برێنت 2.94 دۆلار دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 74.25 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 3.6 دۆلار دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 69.25 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە نزمترین ئاستی نرخی نەوتە لە دوای 9ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە.
دێنیس کیسلێر، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی راوێژکاری دارایی BOK دەڵێت: "لەڕووی سووتەمەنییەوە، داڕووخان لە خواست هەیە. ئێستا سەرنجی بازاڕ زیاتر لەسەر لایەنی خواستە وەک لە خستنەڕوو".
نیگەرانییەکان لەبارەی ئابووریی چین کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی نەوت داناوە. ئاژانسی پلەبەندی ئابووری (موودیز) رۆژی دووشەممە پلەی متمانە بە قەرزەکانی چینی بەهۆی قەیرانی خانووبەرەی ئەو وڵاتە دابەزاند. بەو هۆیەوە نیگەرانی دروستبووە لەسەر رەوشی ئابووریی چین و کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن ئەو وڵاتەوە.
چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا؛ رۆژانە زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات، کە دەکاتە 10٪ـی نەوتی جیهان، بەوەش هەر پاشەکشە یان گەشەیەکی ئابووریی ئەو وڵاتە، کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت دادەنێت.
هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە هەفتەی رابردوودا قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لەو وڵاتەدا 5 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل زیادبووە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرا تەنیا ملیۆنێک بەرمیل زیادبکات.
هەر بەپێی ئیدارەکە، قەبارەی نەوتی خاوی کۆگاکراو بە بڕی 4 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، 30.11.2023، گرووپی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس کۆبوونەوە و بڕیاریان دا لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 2 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکەنەوە.
هاوکات بەرپرسانی سعودیە و رووسیا، کە دوو وڵاتی سەرکردەی دیفاکتۆی ئۆپێک پڵەسن رایانگەیاندووە، دەکرێت لەدوای چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو، بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر کەمبکرێتەوە، یاخود ماوەکەی درێژبکرێتەوە.
سەرەڕای بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس، بەڵام گومانەکان لە جێبەجێکردنی، نرخی نەوتی دابەزاندووە.
هەر ئەمڕۆ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا گەشتێکی بۆ ئیمارات و سعودیە دەستپێکرد و لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات و، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆدەبێتەوە. بابەتی نەوت و بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس، لە ئەجێنداکانی کۆبوونەوەکانی پووتین دەبن.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت، بەرزبوونەوەی نرخی پێنوێنیی دۆلارە بۆ سەروو 104 خاڵ بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی جیهان، ئەوەش بەرزترین ئاستیەتی لە دوو هەفتەی رابردوودا.
لە رۆژانی رابردوودا، نرخی پێنوێنی دۆلار بۆ خوار 103 خاڵ دابەزیبوو.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، وادەکات نرخی نەوت و کانزاکان گرانتر بێت بۆ ئەو بازرگان و وەبەرهێنەرانەی هەڵگری دراوەکانی دیکەن جگە لە دۆلار.