توێژینەوەیەک: ئابووریی تورکیا لە 2024ـدا خراپتر دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
توێژینەوەیەک لە 30 گەورە شاری تورکیا کراوە و ئەنجامەکەی ئەوەیە، ئابووری ئەو وڵاتە لە ساڵی داهاتوودا خراپتر دەبێت. سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیاش دەڵێت، کاری لەپێشینەیان کەمکردنەوەی هەڵاوسان و بەهێزکردنی یەدەگەکانی بانکی ناوەندییە.
 
حافیزە گایە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا جەخت دەکاتەوە، بەشێوەی "یەکلاکەرەوە" شەڕی هەڵاوسانی بازاڕ دەکەن.
 
سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەڵێت، "لەگەڵ ئەو تووندکردنەوە بەهێزەی دراو کە لە مانگی حوزەیراندا دەستمان پێکردووە، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە شەڕی هەڵاوسان دەکەین. کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، کە ماوەیەکە بەرز و ناجێگیر بووە، دەزانین پرۆسەیەکی درێژخایەن و سەخت دەبێت. تا پێشکەوتنێکی بەرچاو لە ئاسۆی هەڵاوساندا روودەدات، بە بڕیارەوە سەرجەم ئامرازەکانمان بەکاردەهێنین. ئامانجمان ئەوەیە کە پرۆسەی دابەزاندنی هەڵاوسان لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024 دەستپێبکات."
 
بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن رەخنە لە دەسەڵات دەگرن و پێیان وایە، تا دادپەروەری بەرقەرار نەکرێت، هەوڵەکانی ئیدارەی ئابووری سەرکەوتوو نابێت.  
 
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی دەڵێت، "ئیدارەی ئابووری پێنج مانگە ئاو لە هاوندا دەکوتێت، پێنج مانگە لە تورکیادا چی روویدا؟ لەو پێنج مانگەدا چ پێشکەوتنێک لە ئابووریدا روویدا؟ هەڵاوسان زیادی کرد؟ زیادی کرد. سوود بەرزبووەوە؟ بەرزبووەوە. هەژاری زیاتر تەشەنەی کرد؟ تەشەنەی کرد".
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن کۆمپانیای توێژینەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی - سارۆس ئەنجامدراوە، لە 2024ـدا ئابووری تورکیا خراپتر دەبێت.
 
توێژینەوەکە لە 30 گەورەشاری باکووری کوردستان و تورکیا بە بەشداری دوو هەزار و 260 کەس ئەنجامدراوە. 57.5%ـی بەشداربووان پێیان وایە دۆخی ئابووری تورکیا لە ئێستا خراپتر دەبێت.