سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیان 300 هەزاری لە بەهای تمەن بەرزکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراندا 300 هەزاری لە بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەرزکردەوە. ئاڵوگۆڕکارێکی دراو دەڵێت، "بەرزبوونەوەکە کاتییە." 
 
"بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە، ئەمڕۆ بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە"، ئەمە گوتەی دانا محەممەد، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بوو، کە بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو قسەی کرد.
 
دانا محەممەد دەڵێت، "رۆژی پێنجشەممە بەهای 100 دۆلار بە حەواڵە 60 ملیۆن و 100 هەزار تمەن بوو؛ ئەمڕۆ بە 5 ملیۆن و 800 هەزارە، بە کاش [نەقد]ـیش بە 5 ملیۆن و 600 هەزار تمەنە."
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارە پێیوایە، ئەم بەرزبوونەوەیەی بەهای تمەن "شتێکی ئەوتۆ" نییە و رەنگە چەند رۆژێک تاوەکو هەفتەیەک بخایەنێت، هۆکارەکەشی بوونی مەسعود پزیشکیانە بە سەرۆککۆماری ئێران کە بەڵێنی داوە پەیوەندییەکان لەگەڵ رۆژئاوا رێکبخاتەوە.
 
وەک دانا محەممەد دەڵێت، "بوونی پزیشکیان بە سەرۆککۆمار زۆر لە دۆخی ئێران ناگۆڕێت. رەنگە بەهای تمەن سێ رۆژ بۆ هەفتەیەک بەرزببێتەوە، بەڵام دواتر وەک خۆی لێدێتەوە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو گۆڕانکارییە لە پۆستی سەرۆککۆماری ئێران "شتێک نییە تمەن بەهێز بکات." 

 

 
بەپێی ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان وەک نۆیەمین سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.
 
زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارییان کرد؛ پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا.
 
پزیشکییان کەسایەتییەکی ریفۆرمخوازە و بەپێچەوانەی نەریتخوازەکان، نیازی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێرانی لەگەڵ رۆژئاوا و کەمکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی هەیە، ئەمە وەک لە بەڵێنەکانیدا دەردەکەوێت.
 
لە بەڵێنەکانی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێراندا هاتووە "گفتوگۆ دەکەین بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکان و کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی. ئێران لە لیستی رەشی دامەزراوەی رێگری لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر دەردەهێنین."