کۆمپانیای ABB سیستەمی خۆکاریی بێتەل بۆ تۆڕەکانی کارەبای عێراق دادەنێت

رووداو- زاکس

کۆمپانیای نێودەوڵەتی ABB ، گرێبەستێکی واژوو کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ٧ ناوەندی کۆنتڕۆڵی دابەشکردنی کارەبا لە عێراق و بریارە لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم ئەرکە لەلایەن کۆمپانیای LSIS دراوە بە کۆمپانیای ABB، بەپێی ئەو گرێبەستە، کۆمپانیای ABB سیستەمی پێشکەوتووی رادیۆیی دابین دەکات لە نێوان ئەو ٧ ناوەندی کۆنتڕۆڵە و ئەمەش دەبێتە هۆکاری خودکاربوونی سیستەمی دابەشکردنی کارەبا.

ئەم گرێبەستە بەشێکە لە هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای ئەو وڵاتە. ئامانج لەم گرێبەستە دابینکردنی گونجاوی کارەبایە بۆ ئەوەی یارمەتی پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی عێراق بدات.

تۆڕی گەیاندنی بێتەل، کە لەلایەن کۆمپانیای ABB پێشکەشدەکرێ زۆر بەسوودە بۆ تۆڕەکانی کارەبا لە رێگای پەیوەستکردنی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵی کارەبا بەیەکتر.

کۆمپانیای ABB، کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیە، کە تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووی سیستەمی خودکار بۆ تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا پێشکەش دەکات.