بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی. لە سلێمانی 100 دۆلار گەیشتەوە نزیکەی 146 هەزار دینار.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت: لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 145 هەزار و 850 دینار بووە.
 
لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا بەیانی ئەمڕۆ، 100 دۆلار بە 145 هەزار و 550 دینار بووە.
 
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش بەهای دینار دابەزی. 100 دۆلار لە کاتی کردنەوەدا بە 145 هەزار و 600 دینار بوو. لە کاتی داخستنیش بە 145 هەزار و 950 دینار.
 
رۆژی 30-05-2024 بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوی فەرمی 197 کۆمپانیای قەدەخە کرد بچنە نێو دەروازەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی.
 
حاجی سابیر دەڵێت، ئەم بڕیارە هۆکاری دابەزینی بەهای دینارە.
 
دەشڵێت، خەڵک وا تێگەیشتووە ئەو کۆمپانیایانە ئاڵوگۆڕی دراون، بەڵام لە راستیدا کۆمپانیای بازرگانیین. ئەگەرنا لە بنەڕەتدا بڕیارەکە نابێتە هۆی دابەزینی بەهای دینار، بەڵام بەهۆی ترسەکەوە دابەزیوە.
 
لە کۆتاییەکانی ئاداری ئەم ساڵەوە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەتەوە و 100 دۆلار بە کەمتر لە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە، گەشبینییان لەبارەی لێكنزیکبوونەوەی هەردوو وڵات و هاوئاهەنگییان لەبارەی سیستمی بانکی دروستکرد.
 
هەردوولاش لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ پێداچوونەوە بە سزای سەر بانکە عێراقییەکان پێکهێنا.
 
لەدوای سەردانەکەوە، بانکی ناوەندیی عێراق خستنەڕووی دۆلاری زیادکردووە و رۆژانە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە کە بەشی زۆری حەواڵەیە.