پلاسخارت: عێراق چاکسازیی لە کەرتی دارایی و بانکیدا کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق چاکسازی لە کەرتی بانکی و دارایی کردووە، پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنیی فرۆشتنی دۆلاریش "دەستپێشخەرییەکی گرنگە" لە پێشخستنی شەفافییەتی دارایی وڵاتەکە.
 
جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
پلاسخارت دەڵێت، "حکومەتی عێراق بەردەوامە لە بەهێزکردنی سێکتەرەکانی دارایی و بانکی. چاکسازیی ریشەیی لە دامەزراوە بانکییەکانیش پابەندبوونی عێراق دووپاتدەکاتەوە لە برەودان بە سێکتەرێکی دارایی شەفاف لەو وڵاتە."
 
ئەو هەنگاوانەی عێراق بۆ پتەوکردنی کارگێڕیی دارایی حکومەت ناونی، لە لایەن سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی دیکەوە پێشوازییان لێکراوە.
 
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا هاوشان لەگەڵ پلاتفۆڕمێکی ئەلیکترۆنیی بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی، ئەم دەستپێشخەرییانە زۆر گرنگن لە پێشخستنی شەفافییەت و ئیدارەدانی دارایی حکومەتی عێراق."
 
گوتەکانی پلاسخارت لەکاتێکدایە، سەرەتای ئەم هەفتەیە بانکی ناوەندیی عێراق لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییانەی دەیکەن، لیستێکی نوێی ئەو بانکانەی بڵاوکردەوە، کە بێ بەشکراون لە مامەڵەی دۆلار، لیستەکە ناوی هەشت بانکی نوێی عێراقی و کوردستانیی تێدایە.
 
گوتەبێژێکی گەنجینەی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند "ستایشی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەین بۆ پاراستنی سیستمی دارایی عێراق لە خراپ بەکارهێنان. ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکە یاساییەکانی عێراق بتوانن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە داراییەکان پەیوەست بن." 
 
لە مانگی 7ـی ساڵی 2023ـوە لەسەر داوای بەرپرسانی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی عێراق 14 بانکی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی بێ بەش کرد.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە؛ ئەو بانکانەی بێ بەشدەکرێن لە مامەڵەکردن بە دۆلار، دەتوانن بە دراوی دیکە مامەڵە بکەن.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە تۆمەتی ئەوەی چەندین ملیار دۆلاری گواستووەتەوە بۆ ئەو گرووپانەی کە پەیوەستن بە ئێران، "ئەل هودا بانک"ـی  خستە نێو لیستی گەمارۆکانی.
 
بێ بەشکردنی بانکە عێراقییەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار ''بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری، شووشتنەوەی پارە و کاری دیکەی نایاساییە بە دۆلاری ئەمریکی'' و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گەنجینەی فیدراڵیی ئەمریکایە بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی پارە بۆ ئەو وڵاتانەی لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادان، وەک ئێران، سووریا و لوبنان.
 
رۆژی شەممە 3.2.2024ـیش بەرپرسێکی باڵای گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، "هەندێک متمانەم هەیە بەوەی کە عێراق دەگەیێنینە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر."