ئەمریکا لە داننان بە بیتکۆین نزیکە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا نزیکدەبێتەوە لە دانپێدانانی بیتکۆین و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا وڵاتەکە دراوە دیجیتاڵییەکان رێکبخات و بیتکۆین لە بۆرسەکانی ئەو وڵاتە مامەڵەی پێوە بکرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 6.1.2024، سەرچاوەیەک بە میدیای ئەمریکیی راگەیاندووە کە کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان گفتوگۆی دوایین گۆڕانکارییەکان لە داڕشتنی دۆسیەکان کردووە بۆ دامەزراندنی سندووقی مامەڵەی راستەوخۆی بیتکۆین.
 
ئەمە بە هەنگاوێک لێکدەدرێتەوە کە رەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ یەکەمجار ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی سندووقی راستەوخۆی مامەڵەکردن بە بیتکۆین بدات. 
 
بەپێی بەڕێوەبەران و نوێنەرانی 5 لەو کۆمپانیایانە، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا باسیان لە بەڵگەنامەکانی S-1 کردووە کە دەبێت لەگەڵ هەر داواکارییەکی دامەزراندنی سندوووقی مامەڵەی راستەوخۆدا هەبێت.
 
S-1 ناوی فۆڕمێکە بۆ تۆمارکردنی هەر کاڵایەکی نوێ کە لەلایەن لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکاوە کراوەتە مەرج بەسەر هەر کۆمپانیایەکی ئەو وڵاتە و دەبێت مەرجەکانی نێوی جێبەجێ بکرێت بەرلەوەی کاڵاکە بخرێتە نێو بۆرسەکانی ئەو وڵاتە. 
 
یەکێك لە مەرجەکانی فۆڕمەکە ئەوەیە کە دەبێت لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا ئاگاداری هەر رێککەوتنێکی مادی و بازرگانیی کۆمپانیاکان بێت و وەبەرهێنەران دەتوانن لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەو فۆڕمەی کۆمپانیاکان ببینن و ئاگاداری مامەڵەکان بن.
 
لە کۆبوونەوەکاندا لیژنەکە لێکۆڵینەوە و پرسیاری لەبارەی "گۆڕانکارییە بچووکەکان" کردووە کە سێ لە کۆمپانیاکان کردوویانە. 
 
پێشبینیش دەکرێت بەشێك لە کۆمپانیاکان گۆڕانکاری لە بەڵگەنامەکانیان بکەن و ناسنامەی لایەنی مامەڵەکار و خاوەنداری سندووقی مامەڵەکە ئاشکرا بکەن.
 
وەک بەشێك لە سەرچاوەکان دەڵێن، رەنگە رۆژی دووشەممە کاژێر 8:00ـی بەیانی بە کاتی ئەمریکا (4:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر) دوایین گۆڕانکارییەکان بکرێن و پاشان هەر لەو رۆژەدا رادەگەیێندرێن.
 
لەلایەکی دیکەوە، رێکخەران لە لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا خەریکی کۆتاییهێنان بە مامەڵەکانی دۆسیەی 19b-4ـن کە تایبەتە بە گۆڕانکاری لەو یاسایانەی دەبێت لیژنەکە پەسەندی بکات بۆ دامەزراندنی سندووقی مامەڵەی بیتکۆین.
 
دوێنێ هەینی، کۆمپانیاکان پێداچوونەوەی 11 بەڵگەنامە و دۆسیەیان رادەستی لیژنەی ئاڵوگۆڕ کردووە.
 
ئەو کۆمپانیایانەی بەر لە وادەی کۆتایی 10ـی ئەم مانگە پێداچوونەوەی دۆسیەکانیان ناردبێت، رەنگە تاوەکو ئەو وادەیە (10ـی ئەم مانگە) پەسەند بکرێن.
 
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراویشدا، بەپێی سەرچاوەکان، ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێت هەفتەی داهاتوو سندووقی مامەڵەکانیان دابمەزرێت، لە لایەن لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکاوە داوایان لێکراوە داواکاریی نووسراو پێشکەشبکەن بۆ خێراترکردنی بەرواری کردنەوەی مامەڵەکانیان.
 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021ـدا، نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە زیاتر لە 69 هەزار دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستی بووە تۆماری کردبێت.
 
لەدوای ئەو کاتەوە، کۆمەڵێک ئاڵنگاری رووبەڕووی سێکتەرەکە بوونەوە؛ مایەپووچبوونی سەکۆی FTX کە دووەم گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان بوو و ساخبوونەوەی هەشت تۆمەت بەسەر سام بانکمان فرید، دامەزرێنەری سەکۆیەکە.
 
دوایین ئاڵنگاریش، لەسەرکارلاچوونی چانگپێنگ ژاو، بەڕێوەبەرەی جێبەجێکاری باینانسی گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان بوو بەهۆی تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە لایەن ئەمریکاوە. سەکۆیەکەش بە زیاتر لە 4.3 ملیار دۆلار سزادرا.
 
ئێستا دۆخەکە بە جۆرێک پێچەوانە بووەتەوە کە زۆرێک لە دامەزراوەکان ژمارەی گەورە بۆ نرخی بیتکۆین لە ساڵی داهاتوو دادەنێن؛ بانکی نێودەوڵەتیی 'ستاندارد چارتەرد' دەڵێت، لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا، نرخی هەر بیتکۆینێک دەگاتە 100 هەزار دۆلار.
 
بانکەکە هۆکاری ئەو پێشبینییەی بۆ پەسندکردنی داواکاریی سەکۆیەکان بۆ رێکخستنی مامەڵەی دراوە دیجیتاڵییەکان دەگێڕێتەوە.
 
هەواڵەکانی پەسندکردنی داواکاریی کۆمپانیاکان کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر نرخی بیتکۆین دروستکردووە؛ رۆژی سێشەممە 2.1.2024، نرخی یەک بیتکۆین دوو هەزار و 77 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بیتکۆینێک بە 45 هەزار و 700 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆین بوو لە نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا.
 
ئێستا نرخی هەر بیتکۆینێک 43 هەزار و 920 دۆلارە.
 
پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری پەسەندکردنی داواکارییەکانی کۆمپانیاکان، نرخی بیتکۆین زیاتر بەرزببێتەوە.
 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021ـدا، نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە زیاتر لە 69 هەزار دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستی بووە تۆماری کردبێت.
 
لەدوای ئەو کاتەوە، کۆمەڵێک ئاڵنگاری رووبەڕووی سێکتەرەکە بوونەوە؛ مایەپووچبوونی سەکۆی FTX کە دووەم گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان بوو و ساخبوونەوەی هەشت تۆمەت بەسەر سام بانکمان فرید، دامەزرێنەری سەکۆیەکە.
 
دوایین ئاڵنگاریش، لەسەرکار لاچوونی چانگپێنگ ژاو، بەڕێوەبەرەی جێبەجێکاری باینانسی گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان بوو بەهۆی تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە لایەن ئەمریکاوە. سەکۆیەکەش بە زیاتر لە 4.3 ملیار دۆلار سزادرا.
 
بەڵام ئێستا دۆخەکە بە جۆرێک پێچەوانە بووەتەوە کە زۆرێک لە دامەزراوەکان ژمارەی گەورە بۆ نرخی بیتکۆین لە ساڵی داهاتوو دادەنێن؛ بانکی نێودەوڵەتیی 'ستاندارد چارتەرد' دەڵێت، لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا، نرخی هەر بیتکۆینێک دەگاتە 100 هەزار دۆلار.
 
بانکەکە هۆکاری ئەو پێشبینییەی بۆ پەسندکردنی داواکاریی سەکۆیەکان بۆ رێکخستنی مامەڵەی دراوە دیجیتاڵییەکان دەگێڕێتەوە.