بیتکۆین 100 هەزار دۆلاری تێپەڕاند


رووداو دیجیتاڵ 

دواجار بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی بیتکۆین ئاستی سایکۆلۆژی و هەستیاریی 100 هەزار دۆلاری بۆ یەکەم جار شکاند. 

نرخی هەر بیتکۆینێک 2,500 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 101 هەزار و 200 دۆلار. ئەمە بەرزترین ئاستی مێژوویی بیتکۆینە.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی بیتکۆین 139% بەرزبووەتەوە. پەسندکردنی سندووقی وەبەرهێنانی بیتکۆین لە لایەن ئەمریکا، کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و پرۆسەی هاڵڤینگ [کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی بیتکۆین]، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەکەی بوون.
 
لەدوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپە، نرخی بیتکۆین نزیکەی 50% بەرزبووەتەوە.
 
گەشبینی بە رێکخستنی سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکان و بەیاساییکردنیان لە سەردەمی ئیدارەی داهاتووی ئەمریکادا، هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین.
 
ئەوەی گەشبینییەکانی زیاتر کردووە، راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی گاری گێنسلەرە لە پۆستی سەرۆکی لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵا و پشکەکانی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێ بە سەرۆکایەتیی ترەمپ.
 
گاری سیاسەتێکی تووندی هەبوو و لە سەردەمی ئەودا چەندین کۆمپانیای گەورەی دراوە دیجیتاڵییەکان رێوشوێنی یاسایی تووندیان بەرامبەر گیرایەبەر.
 
ئێستاش ترەمپ ئاتکین پاوڵی وەکو سەرۆکی نوێی لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵا و پشکەکانی ئەمریکا دیاری کرد کە چاوەڕوان دەکرێت بەربەست و لەمپەرەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان سووک بکات کە لە سەردەمی دیموکراتەکان دانرابوون.