وەزیری وزەی تورکیا: بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا لە دوێنێوە ئامادەیە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 24 کاژێرە بۆریی گواستنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا ئامادەیە و ئەوەش بەلایەنی عێراقی راگەیێندراوە. دەشڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان "بۆ بازاڕێکی نەوتی هاوسەنگتر، لە رادەبەدەر گرنگە."
 
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023 ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی NTV باسی هێڵی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان - تورکیای کرد و ئاماژەی بەوەدا، "هێڵەکە لە رۆژی چوارشەممەوە، واتە دوێنێ ئامادەیە بۆ کارکردن و هیچ کەم و کورییەک نەماوە سەبارەت بە هەڵگرتنی نەوت لە جەیهان و گواستنەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهان."
 
هەناردەکردنی نەوت بە هێڵی بۆریی کەرکووک – جەیهان بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1977 لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لە ساڵی 1973 کراوە دەستی پێکردووە، بایرەکتار ئاماژەی بەوەدا، "بۆ ماوەی 46 ساڵە بێ پچڕان بەردەوامە و ئەم هێڵە رێگەیەکی گرنگە بۆ ئاسایشی [وزەی] تورکیا و بازاڕەکانی نەوتی جیهان."
 
بۆرییەکە، بە گوتەی بایرەکتار توانای گواستنەوەی یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، [رۆژانە] گوتیشی، "ئێمە ئەم هێڵەمان بۆ ماوەی 46 ساڵ بەبێ پچڕان بە کارایی و بەردەست هێشتووەتەوە، هەروەها لەم بابەتەدا ملیارەها دۆلار سەرمایەگوزاریمان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا وەک دەزانین بەهۆی زۆرێک لە کاریگەرییەکانی وەک شەڕ و ناسەقامگیری سیاسی و تیرۆر لە عێراق، عێراق هەمیشە توانیویەتی بەشێوەیەکی پچڕپچڕ یان لە خوار توانای پێویستەوە نەوت هەناردە بکات."
 
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، لەدوای کارەساتی بوومەلەرزەکەی تورکیا لە شەشی شوبات، بە پێوەری نێودەوڵەتی زیانی بۆرییەکەیان به درێژایی 650 کیلۆمەتر لە سلۆپییەوە بۆ جەیهان چاککردووەتەوە و ئەو پشکنین و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەیەیان لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقدا بەش کردووە. 
 
بایراکتار ئەوەشی گوت کە ئەوان بە راپۆرتێک عێراقیان لە ئامادەیی بۆرییەکە ئاگادارکردووەتەوە، هەروەها "ئەم پرۆسەیەمان لەگەڵ هەموو جیهاندا هاوبەش کرد." 
 
نرخی نەوت کە چەند رۆژێکە تاڕادەیەک ناجێگیرە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5-10 دوای کردنەوی بازاڕەکانی ئاسیا توانی هەندێ لە زیانەکانی رۆژی رابردووی خۆی قەرەبوو بکاتەوە.
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ بەرهەمهێنەرانی ئەندام لە هاوپەیمانیێتیی ئۆپێک پڵەس رۆژی چوارشەممە بڕیاریاندا درێژە بە رێککەوتنەکەی پێشووی خۆیان بدەن، بۆ کەمکردنەوەی خستنەڕووی رۆژانەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ. 
 
نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 5-10-2023) بە بڕی 63 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 86 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش 49 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 84 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بایرەکتار لەبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە پێمان وایە ئەو راستییەی کە 500 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە دێتە بازاڕەکانی جیهان لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبێتەوە، بۆ بازاڕێکی نەوتی هاوسەنگتر، لە رادەبەدەر گرنگە."
 
لە 25ـی ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.
 
لەبارەی ئەوەی کە ئایا رۆیشتنی نەوت دەستیپێکردووە یان نا، بایرەکتار گوتی، "ئەمە بە راشکاوی پرسێکە کە لە ئەنجامی لایەنی عێراقی و بەرهەمهێنان لە عێراق سەرهەڵدەدات. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە هێڵ و بەشەکانی بارکردن و تێرمیناڵی جەیهان بەتەواوی ئامادەن، بە ئامادەباشییەوە چاوەڕێین بۆ ناردنی نەوت هەر کاتێک بێت."
 
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، ئاماژەی بە گرنگی دەستپێکردنەوەی رۆیشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان کرد و وەبیری هێنایەوە کە خواستی رۆژانەی نەوت لە جیهاندا لە سەرووی 100 ملیۆن بەرمیلەوەیە، گوتی، "ژێرخانی تورکیا گونجاوە بۆ دابینکردنی نزیکەی 4٪ـی خواستی جیهان. تا ئەمڕۆ رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە گەرووی تورکیادا تێدەپەڕێت. لەوەش زیاتر، بۆری باکو-جەیهان-تفلیس 700 هەزار بەرمیل دابین دەکات. توانای هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلە، لە ساڵانی رابردوودا جار هەبووە گەیشتوونەتە 700-800 هەزار بەرمیل، بەڵام دۆخی ئاسایی بەر لە بوومەلەرزەکە رۆژانە 500 هەزار بەرمیل بووە. پێشبینی دەکەین ئەمە بەردەوام بێت."