بڕیارێکی ئۆپێک پڵەس نرخی نەوتی بەرزکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە. لەدوای بڕیارەکەش نرخی نەوت زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبووەوە.
 
رۆژی دووشەممە 5ی ئەیلوولی 2022 وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک پڵەس بە مەبەستی بڕیاردان لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی تشرینی یەکەم کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، ئۆپێک پڵەس لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بڕیاری داوە بۆ مانگی تشرینی یەکەم ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بکاتەوە، بەوەش دەبێتە هاوتای ئاستی بەرهەمهێنانی مانگی ئاب.
 
هەنگاوەکە دژی داخوازییەکانی ئەمریکایە کە داوایکردبوو گرووپەکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات بە مەبەستی دابەزاندنی نرخەکەی، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی دەیان ساڵدا.
 
مەبەست لە بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە کە بەهۆی ترسی پاشەکشەی ئابوورییەوە، لە ماوەی رابردوودا دابەزیوە.
 
بڕیارەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت دانا؛ لەدوای بڕیارەکە نرخی نەوتی برێنت سێ دۆلار و 49 سەنت و بە رێژەی زیاتر لە 3% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 96 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش سێ دۆلار و 15 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 90 دۆلار و 27 سەنت.
 
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەهۆی نیگەرانییەکان لە بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان، ئەگەری خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان بەهۆی رێکارەکانی دژی کۆرۆنا لە چین و کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت؛ لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا گەیشتە نزیکەی 140 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لەدوای ئەوکاتەوە بۆ دەوروبەری 100 دۆلار دابەزیوە.
 
جگە لەوە، گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـش چوونەتە قۆناخێکی نوێوە، کە لە ئەگەری بەدیهاتنیدا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن و نەوتی ئێران هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت داناوە.
 
لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا و لەسەر داوای جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، مانگی رابردوو ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ مانگی ئەیلوول زیاد بکات، کە ئەم بڕە شەش هێندە کەمتر بوو لە بڕیارەکانی پێشووی گرووپەکە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان.
 
عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری نەوتی سعودیە یەکەمین کەس بوو لە مانگی رابردوودا باسی لە ئەگەری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کرد لە کۆبوونەوەی داهاتووی گرووپەکەدا.