نرخی بیتکۆین نزیکەی 9 هەزار دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین تەنیا ئەمڕۆ زیاد لە 8 هەزار و 500 دۆلار دابەزیوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین 8 هەزار و 684 دۆلار دابەزی. هەر بیتکۆینێک بە 49 هەزار و 708 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش نزمترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە 12ـی شوباتی ئەم ساڵەوە.
هەرچەندە ئێستا نرخی بیتکۆین گەیشتەوە زیاتر لە 51 هەزار دۆلار، بەڵام هێشتا تەنیا لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا 11٪ـی نرخەکەی لەدەستداوە.
ئاداری ئەم ساڵ نرخی یەک بیتکۆین گەیشتە 75 هەزار و 830 دۆلار، ئەمە بەرزترین ئاستی بوو لە مێژوودا، بەڵام لەوکاتەوە یەک لەسەر سێی نرخەکەی لەدەستداوە.
ترسی وەبەرهێنەران لە دروستبوونی سستیی ئابووریی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی بیتکۆینە.
سستیی ئابووریی بە واتای کەمبوونەوەی بەرچاوی گەشەی ئابووری چالاکییە ئابوورییەکان و زیادبوونی رێژەی بێکاری دێت بۆ ماوەیەکی درێژ.
ترسەکە دوای ئەوە هات رۆژی هەینی، 2-8-2024، وەزارەتی کاری ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە مانگی رابردوودا 114 هەزار هەلی کار لە وڵاتەکەیان رەخساوە. ئەمە زۆر کەمترە بەراورد بە مانگی حوزەیران کە 149 هەزار هەلی کار بوو. بەپێی وەزارەتەکە، بێکاری لە 4.1٪ـەوە بۆ 4.3٪ زیادبووە.
نرخی ئیسیریۆمیش، کە دوای بیتکۆین دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵییە بە هەمانشێوە دابەزینی گەورەی تۆمارکرد.
هەر ئیسیریۆمێک ئەمڕۆ بۆ 2 هەزار و 183 دۆلار دابەزی. تەنیا ئەمڕۆ نزیکەی 500 دۆلار لە نرخەکەی دابەزیوە کە دەکاتە نزیکەی 20٪. لەدوای 24ـی شوباتی ئەمساڵەوە، ئەمە نزمترین ئاستی نرخی ئیسیریۆمە کە تۆمارکرابێت.
بەپێی ماڵپەڕی 'کۆینگێکۆ' کە تایبەتە بە داتای دراوە دیجیتاڵییەکان، تەنیا ئەمڕۆ قەبارەی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان 367 ملیار دۆلار دابەزیوە.
جگە لە ترس لە ئابووریی ئەمریکا، هۆکارێکی دیکەش لەپشت دابەزینی بیتکۆینەوەیە. پلاتفۆڕمی ئێم تی گۆکس (Mt Gox)ـی ژاپۆنی بەنیازە قەرەبووی وەبەرهێنەرانی بکاتەوە. پێشتر لە 2014ـدا پلاتفۆڕمەکە هاککرا و بایی ملیۆنان دۆلار بیتکۆینی وەبەرهێنەران بردرا.
قەرەبووکردنەوەی وەبەرهێنەرانی پلاتفۆڕمەکە ترسی دروستبوونی گوشارێکی دیکەی فرۆشتنی لێکەوتووەتەوە.