زیاتر لە 422 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە


رووداو دیجیتاڵ

وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 422 هەزار تۆن گەنم لەلایەن سایلۆکانەوە وەرگیراوە.
 
بەغدا 145 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگای هەولێر وەردەگرێت. رۆژی چوارشەممە، 05-07-2023، سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 106 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و 39 تۆن ماوە بۆ ئەوەی ئەو بڕە تەواو بکەن کە لە بەغداوە بۆیان دیاریکراوە.
 
لە هەولێر 106 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
 
بە گوتەی سەعید عومەر، لە 27ـی ئایارەوە دەستیان بە وەرگرتنی گەنم کردووە و بە فەرمی 10ـی ئەم مانگە کۆتایی بە وەرگرتنی گەنم دێت و دەڵێت، داوایان کردووە چەند رۆژێکی دیکەش وەرگرتنی گەنم درێژ بکرێتەوە و هەربۆیە "جووتیاران دەتوانن دوای 10ـی ئەم مانگەش گەنمەکانیان بۆ سایلۆکان بهێنن."
 
حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت. بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت، "تاوەکو ئیستا بە سێ وەجبە پارەی جووتیارانمان بۆ نێردراوە کە بەکۆی گشتی 15 ملیار دینارمان بۆ خەرجکراوە و هەمووی بەسەر جووتیاراندا دابەشکراوە."
 
لە سلێمانی و هەڵەبجە 207 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
 
کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی راپەڕین، گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجەوە لە کۆی 230 هەزار تۆن گەنم کە لەلایەن بەغداوە دیاریکراوە، 207 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و نزیکەی 23 هەزار تۆن ماوە و ئەویش تاوەکو 10ـی ئەم مانگە لە جووتیاران وەردەگیرێت.
 
لەبارەی ئەو بڕە پارەی بۆ گەنمی جووتیاران خەرجکراوە، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی دەڵێت، "پارەیەکی کەم بۆ گەنمی جووتیاران خەرجکراوە، بە نموونە، بۆ ئەو بڕە گەنمەی وەرمانگرتووە نزیکەی 186 ملیار دینارمان پێویستە، بەڵام تائێستا نزیکەی 30 ملیار دینارمان بۆ خەرجکراوە و ئەوەش هەمووی بەسەر جووتیاراندا دابەشکراوە."
 
لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 109 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
 
لە پارێزگای دهۆک لە رێگەی سایلۆکانی فایدە، شێخان و زاخۆ 125 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت. نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا لەو سێ سایلۆیە زیاتر لە 109 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم بەردەوامە. 
 
پار بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، ئەمساڵ بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی، حکومەتی عێراق سنووری داناوە و دەڵێت: تەنیا 500 هەزار تۆن وەردەگرن و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت جووتیاران لە بازاڕەکاندا ساخی بکەنەوە.
 
پار لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.