نرخی زێڕ نزیکەی 30 دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ دابەزینەکەی کاتی کرانەوەی ئەمڕۆی قەرەبوو کردەوە و زیاد لە 25 دۆلار بەرزبووەوە. دەکرێت ئەم بەرزبوونەوەیە کاریگەریی لەسەر نرخی مسقاڵی زێڕیش لە بازاڕی نێوخۆ دابنێت.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 5-6-2024، نرخی زێڕ 27 دۆلار بەرزبووەوە. هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 2 هەزار و 352 دۆلار.
 
گەشبینی لە بازاڕەکاندا سەری هەڵداوەتەوە لەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم ساڵدا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکات. ئەمە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
بەو نرخەی ئێستای ئۆنسە، ئەگەر هەیە سبەی لە کاتی کرانەوەی بازاڕدا نرخی مسقاڵی زێر لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 5 هەزار دینار بەرزببێتەوە.
 
ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا نرخی فرۆشتنی زێڕ بەپێی سەندیکای زێڕنگران بەم شێوەیە بووە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24= 550,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22= 500,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21= 480,000 دینار
مسقاڵێک زێڕعەیار 18= 410,000 دینار
 
نزیکەی دوو هەفتەیە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەم ئاستەدا جێگیرە.
 
ئێستا چاوی بازرگانان لەسەر داتای لیستی سوودمەندبووانە لە مووچەی ناکشتوکاڵی کە بە (NFP) ناسراوە. داتاکە رۆژی هەینیی داهاتوو کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر بڵاودەبێتەوە.
 
داتاکە بۆ مانگی ئایاری رابردووە و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە کەرتەکان جگە لە کشتوکاڵ کار دەکەن. مانگی نیسان 175 هەزار کەس سوودمەندبوون لێی. ئەگەر لەو ژمارەیە کەمتر بێت، کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی زێڕ دەبێت و ئەگەر لەو ژمارەیەش زیاتر بێت، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت.
 
لە ئەگەری گۆڕانی بەرچاو لە داتاکە، دەکرێت تاوەکو 100 دۆلاریش کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دابنێت.
 
هێژا رەڤەندی، شارەزای بنچینەیی بازاڕە داراییەکان دوێنێ سێشەممە بە رووداوی گوت، ئەگەر تاوەکو کاتی بڵاوکردنەوەی داتاکە نرخی زێڕ لە 2353 دۆلار بێت و داتاکەش لە بەرژەوەندیی زێڕ دەربچێت، ئەوا ئەگەری بەرزبوونەوەی زێڕ زیاتر دەبێت.
 
ئەو شارەزایە گوتیشی، ئەگەر ژمارەکە کەمتر بێت لە 175 هەزار کەس، ئەوە ئامانجی یەکەم لە بەرزبوونەوەی زێڕ 2385 دۆلارە؛ ئامانجی دووەمیش 2404 دۆلارە، "بەڵام ئەوەی دووەمیان کەمێک زەحمەتە، بە تایبەتی ئەگەر دۆخی جیۆسیاسی بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە کە ناسەقامگیر نییە."