پەیامنێری رووداو: عێراق دەستی بە پارەدارکردنی مووچەی مانگی پێنجی هەرێمی کوردستان کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک بە رووداوی راگەیاند، لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستکرا بە پارەدارکردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیاری پارەدارکردنی مووچە دەرچووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیران رێکارەکان تەواو بکرێن، مووچەی فەرمانبەران خەرج دەکرێت، گەرنا دەمێنێتەوە بۆ سبەی پێنجشەممە 6ی حوزەیران.
هەر بەپێی گوتەی ئەو سەرچاوەیە، تەمولیکردن (پارەدارکردن) بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکانی تێدا نییە و هێشتا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی ئەوان دەرنەچووە.
ئەگەرچی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەستپێکرد، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەکی دیکە بۆ رووداو، ئەو رێکارانە لیستی هێزە ئەمنییەکانی تێدا نییە و هێشتا بڕیار لە خەرجکردنی مووچەکانیان نەدراوە.