نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و بۆ چوارەم جار لە یەک هەفتەدا بەرزترین ئاستی مێژووی تۆمار کرد. 
 
ئەمڕۆ هەینی 5-4-2024 نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 32 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2323 دۆلار.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە مێژوودا. چوارەمین جاریشە لەم هەفتەیەدا ئەم ریکۆردە بشکێنێت.
 
ئەگەرچی داتاکە لە بەرژەوەندیی سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا نییە، بەڵام بە پێچەوانەوە نرخی زێڕ بەرزبووەوە.
 
گوشاری زۆری کڕین لەسەر زێڕ و گرژییە جیۆسیاسییەکان دوو هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی نرخی زێڕن. 
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەیەوێت بێکاری بەشێوەیەکی کەم بەرز ببێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات.
 
پێش بڵاوبوونەوەی ئامارەکە، بازرگانان و وەبەرهێنەران پێشبینییان دەکرد لە کۆبوونەوەی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بکات، بەڵام زیادبوونی رەخساندنی هەلی کار لە ئەمریکا دەکرێت ئەو ئەگەرە کەمبکاتەوە.
 
ئێستا سەرنجی بازرگانان لەسەر رۆژی چوارشەممەی داهاتووە کە کاژێر 15:30 بەکاتی هەولێر، رێژەی هەڵاوسان بۆ مانگی رابردوو لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە.
 
لە مانگی شوباتدا هەڵاوسان لە ئەمریکا لە 3.1%ەوە بۆ 3.2% بەرزبووەوە. هەر بەرزبوونەوە و دابەزینێک لە رێژەکە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بازاڕەکان دەبێت، بەتایبەتیش زێڕ.
 
ئەمریکا دەیەوێت هەڵاوسان بۆ 2% دابەزێنێت، ئەوکاتە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەکات. بۆیە دابەزینی هەڵاوسان پێشبینییەکان بۆ دەستکردن بە کەمکردنەوەی رێژەکە زیاتر دەکات و بە پێچەوانەشەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە جیهاندا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستانیش داناوە.
 
تەنیا لەم هەفتەیەدا لەکاتی کرانەوەی بازاڕدا تاوەکو ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە (لە کاتی داخستنی بازاڕ)، نرخی یەک مسقاڵ زێڕ 15 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. بەجۆرێک نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 465 هەزار دینارەوە بۆ 480 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
پێشبینیش دەکرێ بەهۆی بەرزبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئەگەر نرخی ئۆنسەی زێر لە ئاستی 2323 دۆلار بمێنێتەوە، سبەی لە کاتی کرانەوەی بازاڕدا لە هەرێمی کوردستان نرخی مسقاڵێک زێڕ 5 بۆ 10 هەزار دینار بەرز ببێتەوە.