کشتوکاڵی عێراق: لە رێگەی وێنەی مانگی دەستکردەوە هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمی گەنمی کوردستان دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار "زیادە" لە بەرهەمهێنانی گەنم تۆماردەکەن. دەشڵێت، وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر رێککەوتنی وەزارەتەکانی کشتوکاڵی هەردوولا و ئەوان نایانەوێت "گەنمی وڵاتانی دراوسێ بە قاچاخ بە ناوی گەنمی عێراقی بهێندرێت."
 
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی گوت، ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی عێراق 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن بووە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ "پشت بەخوا تا رادەیەکی باش دڵنیاین کە زیاتر دەبێت لە 6 ملیۆن تۆن."
 
گوتیشی، جگە لە تێپەڕاندنی ئاستی خۆبژێوی، بۆ یەکەمجار لە عێراق "زیادە لە بەرهەمهێنانیش" تۆماردەکەن.
 
خوزاعی باس لەوەشدەکات، کۆی ئەو رووبەرەی عێراق کە بە گەنم داچێنراوە دەگاتە زیاتر لە 8 ملیۆن و 500 هەزار دۆنم. پلانیشیان هەیە، ئەو رووبەرە زیادبکەن.
 
بەپێی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە نووسراو داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، ئەو گەنمەش وەربگرن کە لە دەرەوەی پلانی وەزارەتەکەیانە.
 
لەبارەی نرخی وەرگرتنی گەنمەوە خوزاعی گوتی، وەک پاڵپشتی بۆ جووتیاران، بڕیاریانداوە گەنمی جووتیارانی عێراق "بە گرانترین نرخ لە جیهان بکڕنەوە". دەشڵێت، نرخی گەنمی ئوسترالی، کە پێوەری گەنمی جیهانییە، دەگاتە نزیکەی 350 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، کە دەکاتە نزیکەی 550 هەزار دینار، بەڵام عێراق هەر تۆنێک گەنمی جووتیارانی خۆی بە 850 هەزار دینار دەکڕێتەوە.
 
 
محەممەد خوزاعی لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەکەوێتە سەر رێککەوتنی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
خوزاعی گوتیشی، بەڵام هاووڵاتییانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەزانن کە زۆر لە دەروازەکانیان کۆنترۆڵ نەکراون وەکو دەروازەی باشماخ و ئێمەش گەنمی عێراقی دەکڕین و "نامانەوێت دەرگا بکەینەوە بە رووی پرۆسەی بەقاچاخهێنانی رێکخراوی گەنم لە وڵاتانی دراوسێوە بەناوی گەنمی عێراق".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، لیژنەی تایبەت هەن کە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بڕە راستەقینەی گەنم دەکەن کە بەرهەمدەهێنرێت، ئەوەش بەپێی گرتنی وێنەی مانگی دەستکرد.
 
رۆژی پێنجشەممە، 4-4-2024، حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، هاوشێوەی وەرزی پێشوو، ئاڕاستەیەکی گەورە لەلایەن حکومەتەوە هەیە بۆ پشتیوانیکردنی وەرزی دروێنەی گەنمی ئەمساڵیش.
  
گەرعاوی باسی لەوەشکرد، "محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە بەبازاڕکردنی گەنم رێکخستووە و وەزارەتی دارایی راسپاردووە بە دابینکردنی بڕی پارەی پێویست بۆ بەبازاڕکردنی گەنم، ئەوەش لە رێگەی تەرخانکردنی کۆگە بۆ کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە و گرنگیدان بە جووتیاران."
 
حەیدەر نووری دەڵێت: "هەموو جووتیاران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن، بە جووتیارانی دەرەوەی پلانی تەرخانکراویشەوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی جووتیاران پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە لە بەرهەمهێنانی گەنم."
 
بەڕێوەبەرە گشتییەکە باسی لەوەشکرد، "نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار تۆن گەنمی وەرزی رابردوو ماوەتەوە و دەخرێتە سەر وەرزی بەبازاڕکردنی ئەمساڵ، بەوەش کۆی بەرهەمی گەنمی بەردەستی ئەمساڵ دەگاتە نزیکەی 7 ملیۆن و 800 هەزار تۆن".