بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار نرخی زێڕی هێنایە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ بەرزترین ئاستی نۆ مانگی رابردوو، نرخی زێڕ 23 دۆلار دابەزی.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان 23 دۆلار دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 2015 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش نزمترین ئاستی نرخی زێڕە لە نزیکەی دوو هەفتەی رابردوودا.
 
دابەزینی نرخی زێڕ دوای لێدوانەکانی شەوی رابردووی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دێت کە رایگەیاند، بە وریاییەوە دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکەن.
 
جیرۆم پاوڵ لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، کە ئەوان چاوەڕێی ئاماری نوێی ئابووری ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە ئاراستەی کەمبوونەوەی هەڵاوسان لەو چوارچێوەدایە، کە ئامانجی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە.
 
لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە و پێنوێنی دۆلاری بەرزکردنەوە بۆ نزیکەی 104 کە بەرزترین ئاستییەتی لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ و کانزاکانی دیکە.