سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران: یاسای بودجە بۆ تۆڵە لە هەرێمی کوردستان نووسراوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ   
 
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە یاسای بودجە کە لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو گەورەترین زیان بەر دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کەوت، ئەم یاسایە بەشێوازی تۆڵەکردنەوە لە هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی نووسراوە و پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی راگەیاندبوو." 
 
رۆژی دووشەممە 04-09-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دانووستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، مووچە و هەنادەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پرێس کۆنفرانسێکیان کرد کە تێدا وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەیان کرد. 
 
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی، "یاسای بودجە کە لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو گەورەترین زەڕبە بوو لە دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم یاسایە بەشێوازی تۆڵەکردنەوە لە هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی نووسراوە، ئەوەشمان بۆ دەردەخات کە کاتی خۆی هەرێمی کوردستانیش ئەوەی راگەیاندبوو کە یاسایەکە پڕە لە گرفت و دەبێتە بەربەست لە پێش ناردنی شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا نەگەیشتووەتە رێککەوتنێک لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح دەڵێت، "سەرەڕای ئەوەش بەنیاز پاکی هەنگاومان نا بۆ ئەوەی کە بەدەستێکی پڕ لە رێککەوتن بەرەو عێراق بڕۆین. بۆیە لە 10ـی 7 دەستمان بە گفتوگۆکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە کرد، راستە یاساکە زۆر خراپە، بەڵام خراپەیەکی دیکە تێگەیشتنی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خودی یاسا خراپەکە زۆر لە یاساکە خراپترە."
 
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، "لە نێو ئەو یاسایە کە دەڵێن بەشێوەی 'ئینتقامی' نووسراوەتەوە مافی هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 ترلیۆن دینارە، بەڵام دوای هەموو گفتوگۆکان وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، تەنیا هەشت ترلیۆن دینار مافی ئێوەیە. لە هەموو گفتوگۆکان داوامان کردووە مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی هیچ نەکرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق و حکومەتی عێراق نەچوونە ژێر باری ئەوەی مووچەی هەرێمی کوردستان بدەن."
 
بڕیارە بۆ سێ مانگ بەشێوەی قەرز وەزارەتی دارایی عێراق 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. ئومید سەباح دەڵێت، "لە دوایین کۆبوونەوەمان لە بەغدا گوتمان دەبێت هەموو شایستە داراییەکان بنێرن و رازی نەبووین بە میکانیزمی قەرز، بەڵام بڕیاری دوێنێ تاک لایەنە بووە و پرسیان بە حکومەتی هەڕیمی کوردستان نەکردووە نە لەسەر میکانیزمی قەرزەکە نە لەسەر بڕەکەی. چونکە بە 500 ملیار دینار رازی نەدەبووین ئەوە تەنیا 50٪ـی مووچە دابین دەکات."
 
بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڵویستی فەرمی رابگەیێندرێت. ئومێد سەباح دەڵێت، "دوو هەنگاو دەنێین، بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین هەنگاوی داهاتوومان چۆن و چی دەبێت و لە هەمانکاتدا نامانەوێت دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق بچڕێنین و لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبین، بەڵام هەڵویستی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو دیاریدەکرێت و دڵنیایی دەدەین ئەوەی لە توانای حکومەت بێت بۆ زامنکردنی مافەکانی هاونیشتمانییان و لەسەرەوەی هەمووی مووچەخۆرانەوە ئەوە بکەین."