بەهای لیرەی تورکی بۆ نزمترین ئاست بەرامبەر دۆلار دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵاوسان لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووەتە سەروو 75%، ئەوەش بەهای لیرەی بۆ نزمترین ئاستی بەرامبەر دۆلار دابەزاند.
 
بەیانیی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا لە تورکیا، دۆلارێک بەرامبەر 32.15 لیرەی تورکی بوو، بەڵام دواتر بەهای لیرە دابەزینێکی پێوانەیی تۆمار کرد و هەر دۆلارێک بە 32.53 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە مامەڵەکانی پێشتری ئەمڕۆدا یەک دۆلار ئاستی 32.61 لیرەشی تۆمار کرد. ئەمەش نزمترین ئاستی بەهای لیرەیە بەرامبەر دۆلار تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت.
 
بەرزبوونەوەی پێوانەیی هەڵاوسان لە تورکیا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دراوەکەیەتی کە لیرەیە.
 
دوێنێ دووشەممە 03-06-2024 دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە مانگی ئایاردا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ مانگی پێنج گەیشتە 75.45%.
 
دەستەی ئامار دەڵێت، زیادبوونی بەرچاوی خەرجییەکان لە بواری پەروەردە، خانووبەرە و چێشتخانەکان، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بوون لە تورکیا و باکووری کوردستان لە مانگی رابردوودا.
 
بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان، تورکیا سیاسەتی نەختینەیی تووندی گرتەبەر.
 
کۆتاییەکانی نیسانی ئەم ساڵ، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکیی گەیاندە 50%. 
 
زیادکردنی سوودی بانکی بۆ ئەو ئاستە بەرزە ببووە هۆی سەقامگیری لە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار. 
 
محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "ئیدی بەو شێوەیە ماوەی رووبەڕووبوونەوە بۆ دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان کۆتاییهات؛ لە مانگی شەشەوە دەچینە ناو قۆناخی دابەزینی رێژەکە."
 
وەزیری دارایی تورکیا سەبارەت بە هەڵاوسان لە مانگەکانی داهاتووی ئەم ساڵ نووسیویەتی: "لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵ هەڵاوسان 50% دادەبەزێت. بەپێی پێشبینییەکانمان، دوای 12 مانگ هەڵاوسان دەگاتە 33.2% و دوای 24 مانگی دیکەش بۆ 21.3% دادەبەزێت."