نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 35 دۆلار دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 35 دۆلار دابەزی. شارەزایەک دەڵێت، دەکرێت ئەم دابەزینە دەرفەتێکی کڕین بێت.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 04-06-2024 نرخی زێڕ 34 دۆلار دابەزی، نرخی هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 2315 دۆلار.
 
کاژێر 05:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، وەزارەتی کاری ئەمریکا داتای رەخسانی هەلی کاری بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکە، لە مانگی رابردوودا هەلی کاری رەخساو بۆ 8 ملیۆن و 59 هەزار هەلی کار کەمبووەتەوە.
 
هێژا رەڤەندی، شارەزای بنچینەیی بازاڕە داراییەکان ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی گوت، ئێستا چاوی بازرگانان لەسەر داتای لیستی سوودمەندبووانە لە مووچەی ناکشتوکاڵی.
 
داتاکە کاژێر 03:30ی پاشنیوەڕۆی هەینی بە کاتی هەولێر بڵاودەبێتەوە. هێژا رەڤەندی دەڵێت، ئەگەر تاوەکو کاتی بڵاوکردنەوەی داتاکە نرخی زێڕ لە 2353 دۆلار بێت و داتاکەش لە بەرژەوەندیی زێڕ دەربچێت، ئەوا ئەگەری بەرزبوونەوەی زێڕ زیاتر دەبێت.
 
داتاکە بۆ مانگی ئایاری رابردووە و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە کەرتەکانی جگە لە کشتوکاڵ کار دەکەن. مانگی نیسان 175 هەزار کەس سوودمەندبوون لێی. ئەگەر لەو ژمارەیە کەمتر بێت، کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی زێڕ دەبێت و ئەگەر لەو ژمارەیەش زیاتر بێت، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت.
 
بەپێی پێشبینیی هێژا رەڤەندی، ئەگەر ژمارەکە کەمتر بێت لە 175 هەزار کەس، ئەوە ئامانجی یەکەم لە بەرزبوونەوەی زێڕ 2385 دۆلارە؛ ئامانجی دووەمیش 2404 دۆلارە، "بەڵام ئەوەی دووەمیان کەمێک زەحمەتە، بەتایبەتی ئەگەر دۆخی جیۆسیاسی بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە کە ناسەقامگیر نییە."
 
ئەو شارەزایە پێشبینیش دەکات، لە هەر دۆخێکی دابەزیندا، ئەگەر هەیە ئۆنسەیەک زێڕ لە 2289 دۆلار ببیندرێت، بەڵام شکانی ئەو ئاستە ئاسان نییە.
 
رەڤەندی پێیوایە، دابەزینی زێڕ بۆ ئەمڕۆ تاوەکو 2304 دۆلاریش ئاساییە.