بیتکۆین لە یەک رۆژدا نزیکەی 6 هەزار دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی زیادبوونی بێکاری لە ئەمریکا و کڕینی زۆر لە لایەن "حوتەکانەوە"، نرخی بیتکۆین نزیکەی 6 هەزار دۆلار بەرزبووەوە. 
 
ئەمڕۆ شەممە نرخی یەک بیتکۆین زیاتر لە 5 هەزار و 750 دۆلار بەرزبووەتەوە. یەک بیتکۆین بە 63 هەزار و 980 دۆلارە. لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا نرخی بیتکۆین ئاستی 64 هەزار دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
خواستی زۆر لەسەر کڕینی بیتکۆین و زۆریی مامەڵەکردن پێوەی، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەکەن. لە 24 کاژێری رابردوودا بە بەهای 32 ملیار و 770 ملیۆن دۆلار مامەڵە بە بیتکۆینەوە کراوە. قەبارەی بازاڕی دراوەکەش گەیشتووەتە ترلیۆنێک و 250 ملیار دۆلار.
 
بازرگانان هەروەها لە نزیکەوە چاودێریی سندووقەکانی مامەڵەی بیتکۆین لە بۆرسەکان دەکەن، چونکە تەنیا لە 1ـی ئەم مانگەدا 563 ملیۆن دۆلار لەو سندووقانەوە لە مامەڵەکان هێندراونەتە دەرەوە.
 
بەڵام ئێستا شارەزا و ناوەندەکانی چاودێریی دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێن، ئەو شەپۆلەی دەرهێنانی سەرمایە لە سندووقەکان رەنگە کۆتایی پێبێت، ئەوەش دەکرێت کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر نرخەکەی لە بازاڕ دروست بکات.
 
دابەزینی بەرچاوی نرخی بیتکۆینیش لە هەفتەی رابردوودا، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەکەی ئەمڕۆیەتی. رۆژی چوارشەممە ،1-5-2024 نرخی یەک بیتکۆین 4 هەزار و 70 دۆلار دابەزی. هەر بیتکۆینێک بە 56 هەزار و 558 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمە نزمترین ئاستی نرخی بیتکۆین بوو لە دوو مانگی پێشوودا، بەڵام بووە دەرفەتێکی کڕین بۆ ئەو بازرگانانەی سەرمایەیەکی زۆریان هەیە.
 
کی یەنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی 'کریپتۆ کوانت' بۆ شرۆڤە و بەدواداچوونی دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، "تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا، حوتەکان 47 هەزار بیتکۆینیان کڕیوە. بەو نرخەی ئێستای، بیتکۆینەکان بایی 2 ملیار و 800 ملیۆن دۆلارن.
 
لە بازاڕە داراییەکان حوت بەو کەسانە دەگوترێت کە سەرمایەیەکی زۆریان هەیە و لە مامەڵەکاندا بە بڕی زۆر مامەڵە دەکەن. زۆرجار بەیەکەوە کاڵا، دراو، یان پشکەکان دەکڕن و ئاراستەی نرخی بازاڕەکە بەپێی مامەڵەکانی ئەوان دەگۆڕێت [بە رێژەیی بێت یان بەرچاو].
 
بە گوتەی یەنگ، ئەم جەنجاڵییە لە بازاڕکردندا ئاماژەیە بە دەستپێکی"سەردەمێکی نوێ" بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان، بەتایبەتی بیتکۆین.
 
بیتکۆین کاریگەریی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکاشی لەسەرە. بەپێی راپۆرت، لە مانگی رابردوودا 175 هەزار هەلی کاری نوێ رەخساون. 
 
لە مانگی ئاداریشدا 315 هەزار هەلیکار رەخسابوون. رێژەی بێکاریش لە ئەمریکا لە 3.8٪ـەوە بەرزبووەتەوە بۆ 3.9٪.
 
کەمبوونەوەی دامەزراندن و زیادبوونی بێکاری، لە بەرژەوەندیی سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە. بانکەکە دەیەوێت بێکاری بەشێوەیەکی رێژەیی بەرزببێتەوە، چونکە ئەوە دەبێتە ئاماژە بۆ کەمبوونەوەی خەرجی و، لەوێشەوە دابەزینی هەڵاوسان. 
 
ئێستا هەڵاوسان 3.5٪ـە. بانکەکە دەیەوێت 2٪ بێت. لە ئەگەری نزیکبوونەوەی رێژەکە لە ئامانجی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، هیواکان بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی زیاد دەبن. ئەمە دەبێتە هۆی دابەزینی پێنوێنی نرخی دۆلار کە بە قازانجی زێڕ، کانزاکان، پشکەکان و دراوە دیجیتاڵییەکان دەشکێتەوە.