زیانی وەستاندنی هەناردەی نەوتی کوردستان "11 ملیار دۆلارە"

رووداو دیجیتاڵ 

سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی گەشەپێدان دەڵێت، زیانەکانی وەستاندنی هەناردەی نەوتی کوردستان تاوەکو مانگی رابردوو گەیشتوەتە 11 ملیار دۆلار.
 
بەڕێوەبەری ناوەندەکەش دەڵێت: "ئێران ترسی هەیە لە پەرەپێدانی سەرچاوەکانی گازی هەرێمی کوردستان."
 
ئەمڕۆ د. سادق روکابی، بەڕێوەبەری ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدان کە بنکەکەی لە لەندەنە، لە بووڵەتنی ئابووریی کاژێر 9:00ی رووداو بەشداربوو و گوتی: "ئەو 11 ملیار دۆلارەی لە راپۆرتەکەدا باسی دەکەین تەنیا زیانی هەناردەیە."
 
بەڵام کۆی گشتی زیانەکان "زۆر گەورەترە لەو ژمارەیە، ئەگەر هەژماری زیانی کێڵگەکان بکەین، قەبارەی زیانەکە زۆر زیاترە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدان، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی و کۆمپانیاکان بۆ کارکردنی لە هەرێمی کوردستان لاوازکردووە کە "ئەوەش کاریگەریی نەرێنی دەبێت بۆ داهاتوو." 
 
بۆیە "ئێستا دەبینین ئابووریی هەرێمی کوردستان زۆر کاریگەر بووە، چونکە هەرێمی کوردستان دەرامەتی دیکەی بەهێزی وەک نەوتی نییە، کاریگەرییەکەش دوور مەدا دەبێت." 
 
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا، بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.
 
لە بەشێکی راپۆرتەکەی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی گەشەپێدان ئاماژە بەوەکراوە، ئێران ترسی هەیە لە پەرەپێدانی سەرچاوەکانی گازی هەرێمی کوردستان و نیگەرانە ئەو گازە ببێتە جێگرەوە بۆ گازی هەناردەکراوی ئێران بۆ عێراق یان ئەوروپا.
 
ئەوەش پاش لێدوانێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە باسی لەوەکرد ئامادەن بۆ هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا.
 
ئەمە لە کاتێدایە، بە گوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، خەمڵاندنەکان پێشانیدەدەن کە یەدەگی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان لە نێوان 3 بۆ 6 تریلیۆن مەتر سێجایە.
 
روکابی گوتیشی، بێگومان ئەگەر هەرێمی کوردستان گاز هەناردەی ئەوروپا بکات گرنگترە و پێگەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت و ئابوورییەکەی بەهێز دەکات.
 
لە بەرامبەردا ئێران "زەرەمەند دەبێت ئەو دەیەوێت سوودمەندبێت لە هەناردەکردنی گازەکەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا ئەو هێرشانەی کرایە سەر کێڵگەکانیش دەرئەنجامی ئەوە بووە."
 
لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 10جار و لە ساڵی 2024 دا یەکجار هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەڵام کۆتا جار جیاوازتر لە جارەکانی دیکە هێرشەکە کاریگەریی هەبوو.
 
نزیکەی 24 کاژێر بەرهەمهێنانی لەکێڵگەکە راگرت و بەرهەمهێنانی 2800 مێگاوات کارەباشی کەمکردەوە، هەربۆیە لە ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی کاردانەوەی زیاتری بەراورد بە هێرشەکانی پێشتر دروستکرد.