کەمترین مووچەی خانەنشینان لە تورکیا دەبێتە 5500 لیرە
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، کەمترین مووچەی خانەنشینانی وڵاتەکەی کە سێ هەزار و 500 لیرەیە، بەرزدەکرێتەوە بۆ پێنج هەزار و 500 لیرە.
لە گوتارێکی دا کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی دا پێشکێشی کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، بڕیاریاندا بڕی 400 لیرە (نزیکەی 21 دۆلار) بخەنە سەر کەمترین بڕەمووچە. هەروەها سەبارەت بە گۆڕانکاری لە مووچەی خانەنشینان گوتی، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە 30٪ زیاد دەکەن و ئەمە لە مووچەی کانوونی دووەمی 2023 دا جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد: "کەمترین مووچەی خانەنشینان لە 3500 لیرەوە بۆ 5500 بەرزدەکەینەوە. واتا بەگوێرەی نرخی هەنووکەیی دراوەکان لە نزیکەی 185 دۆلارەوە بۆ 290 دۆلار بەرزدەکرێتەوە."
ئەردۆغان رۆژی 22-12-2022 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، کەمترین بڕەمووچە لە ساڵی 2023 دا 8500 لیرەیە کە دەکاتە 455 دۆلاری ئەمریکی.
بەگوێرەی راپۆرتی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا (تورك-ئیش) کە رۆژی 30-11-2022 بڵاویکردەوە، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا سنووری برسێتیی خێزانێکی چوار کەسی، حەوت هەزار و 786 لیرەی تورکی و هێڵی هەژاریش 25 هەزار و 365 لیرەی تورکی بووە. خێزانێكی چوار کەسی ئەگەر بە کەمترین بڕە مووچە کار بکات کە ناتوانێت لە هێڵی هەژاری تێپەڕێت.