داهاتی خاڵە سنوورییەكان ئاشكراكرا
رووداو- هەولێر
جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، داهاتی ساڵێكی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 500 ملیار دینار دەبێت.
عەبدولقادر عەبدوڵڵا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان لەكاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (نووڕۆژ) ی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، باسی لەوە كرد كە داهاتی پێنج خاڵی سنووری هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا 500 ملیار دینار دەبێت.
ئەو بەرپرسەی حكومەت بە ئاماژەدان بەوەی لەم كاتەدا كە گرفتی دارایی هەیە، ئەو پارەیە سەرچاوەیەكی باشە بۆ خەرجییەكانی حكومەت. جەختی لەوەش كردەوە هەوڵەكانیان لەگەڵ توركیا بەردەوامن بۆ كردنەوەی خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل كە زیاتر لە 20 رۆژە داخراوە.
عەبدولقادر عەبدوڵڵا هەروەها گوتی "چەند رۆژێك هەوڵەكانمان بەتەواوەتی چڕكردوونەتەوە بۆ كردنەوەی ئەو دەروازەیە، كە بە هۆكارێكی سەربازی داخراوە، چونكە داخستنی ئەو دەوازەیە زیانی گەورەی لە بازرگان داوە".
بەهۆی داخستنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هەرێمی كوردستان 20 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە، بڕیارە ئەمڕۆش بكرێتەوە. هەروەها بەهۆی خراپی كەشوهەوا ماوەی چەند رۆژێكە گرفتی هاتووچۆ بۆ بەشێك لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دروست بووە.
باشووری كوردستان 5 دەروازەی فەرمی لەگەڵ توركیا و ئێران هەن، ئەوانیش بریتین لە ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان، كێلێ و باشماخ.