دووکاندارێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر: 20 ساڵە هێندەی ئێستا بازاڕمان خراپ نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
دواکەوتنی مووچە، جووڵەی بازاڕی سستکردووە و خەڵک بە کەمی بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان روو لە بازاڕەکان دەکەن. دووکاندارێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەڵێت، هیچ کات بازاڕ وەکو ئەم کاتە چۆڵ و سست نەبووە.
فەیسەڵ حەمەد کە زیاتر لە 20 ساڵە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر دووکانی هەیە، بە رووداوی گوت، ئەگەر کڕیاری عەرەب نەبێت، "خەرجیی رۆژانەش دەرناهێنین." ئەو دووکاندارە گوتیشی، "پێشتر کە نەوتی خۆمان دەڕۆیشت، زۆر باشتربوو لە ئێستا، لەوکاتەوەی کەوتووەتە سەر بەغدا، بازاڕ نەماوە، بۆ نموونە لە بەیانییەوە چوار پارچەم فرۆشتووە، هەر چواریان کڕیاری عەرەب کڕیویەتی، ئێستا سەرەتای وەرزی نوێیە، دەبی بازاڕ بەهیچ شێوەیەک ئەوها چۆڵ نەبێت."
دواکەوتنی مووچە و نادیاریی داهاتووی دۆخی دارایی، هۆکاری سەرەکیی سستی بازاڕە لە هەرێمی کوردستان، ئەمە بەگوێرەی کاسبکار و دووکانداران. پەیامنێری رووداو دەچێتە یەکێک لە سوپەرمارکێتە گەورەکانی هەولێر، لای ژمێرکارەکەی دەردەکەوێت، فرۆشی رۆژانەیان 50٪ کەمی کردووە.
سەروان هۆشیار، خاوەنی سوپەرمارکێت دەڵێت، "بازاڕ زۆر خراپە، ئەو مووچەیەی وەرگیراوە هەمووی دەدرێتەوە قەرز، بۆ نموونە پێشتر ئەگەر رۆژانە پێنج ملیۆن دینارمان فرۆشتبێت، ئێستا دوو ملیۆن و نیو، بەڵکو کەمتریش دەفرۆشین، زیاتر لە نیوە کەمی کردووە، ئەگەر وابڕوات لەوانەیە نەتوانین سێ مانگی دیکە بەردەوامبین، چونکە ئەگەر مانگێک زەرەر، دوو زەرەر، سێ مانگ زەرەر، ناتوانین."
خراپتر لە دۆخی بازاڕی خۆراک، جلوبەرگ و کەلوپەلی رۆژانە، بازاڕی گۆشتی سوورە. ئێستا لای گۆشتفرۆشەکان کەمتر گوێت لە دەنگی تیژکردنەوەی چەقۆ دەبێت.
دانا نەوزاد، گۆشتفرۆش باس لەوە دەکات، "رۆژانی ئاسایی بایی دوو ملیۆنمان دەفرۆشت، بەس ئێستا رۆژە باشەکان کە چوارشەممان و پێنجشەممانە، ناگاتە ملیۆنێک دینار، کڕیارمان هەیە هەفتەی چوار جار دەهات، ئێستا یەکجار دێت."
پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی مانگێک دواکەوتبوو، بەڵام مانگانە مووچە دابەش دەکرا، ئێستا کە دۆسیەی فرۆشتنی نەوت لە دەستی بەغدایە، سەرەتای مانگی 10یە و هێشتا مووچەی مانگی 7 بە تەواوی دابەش نەکراوە.