دەستەی ئاماری تورکیا: هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 61.5٪ بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 61.53٪ بەرزبووەتەوە، بەڵام گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) دەڵێت، هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 130.13٪.
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2023، قەبارەی هەڵاوسانی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەیلوولی 2023دا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2022، رێژەی هەڵاوسان 4.75٪ بەرزبووەتەوە و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش گەیشتووەتە 61.53٪.
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) کە هەر ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، هەڵاوسان لە ئەیلوولی ئەمساڵدا 6.24٪ بەرزبووەتەوە و هەڵاوسانی ساڵانەش گەیشتووەتە 130.13٪، هەروەها لە نۆ مانگی ئەمساڵدا (کانوونی دووەم - ئەیلوول) هەڵاوسان 95.33٪ بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، لە مانگی ئەیلوول بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی پار، خەرجییەکانی چێشتخانە و هۆتێلەکان 92.48٪ بەرزبوونەتەوە و کەمترین بەرزبوونەوەش لە کەرتی خانووبەرە بە رێژەی 20.16٪ بووە.
لە مانگی ئەیلوول، بەراورد بە مانگی ئاب، کەمترین بەرزبوونەوە نرخ بەرێژەی 2.59٪ لە پۆشاک و پێڵاو بووە، لە بەرامبەردا زۆرترین بەرزبوونەوە بە رێژەی 30.27٪ لە کەرتی پەروەردە بووە.
لەسەر ئاستی ساڵانە، زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخ بە رێژەی 127.72٪ لە خەرجییەکانی خوێندنی زانکۆ تۆمارکراوە.