سوودانی داوا لە کۆمپانیا بیانییەکان دەکات جێبەجێکردنی گرێبەستە نەوتییەکانیان 'خێرا بکەن'
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کۆبووەتەوە، داوای لێکردوون جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی واژۆیان کردوون، خێرابکەن، هەروەها دامودەزگاکانی حکومەتیشی راسپاردووە کارئاسانی بۆ کاری ئەو کۆمپانیایانە بکەن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، دوێنێ محەممەد شياع سوودانی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای نەوتیی چەند وڵاتێک کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی نێوان عێراق و "لایەنە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەرانی کۆمپانیا نەوتییەکان باسیان لە چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی کارەکانیان لە ناوچەکانی دەرهێنانی نەوت، فراوانکردنی کێڵگە نەوتییەکان و جێبەجێکردنی گرێبەستە دووقۆڵییەکان کردبووە، هەروەها تیشکیان خستووەتە سەر "دیارترین ئەو بەربەستانەی دێنە پێش کاری کۆمپانیاکان و رێگە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەرامبەر بە وەزارەتی نەوتی فیدرالی دەگرن."
بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە کە "کارئاسانی بۆ کاری کۆمپانیاکان بکەن،" لەوانەش لە رێگەی پێدانی ڤیزا، خێراکردنی کاروباری گومرکی و هەژمارکردنی باجەکانیان.
سوودانی هاوکات "جەختی لە گرنگیی لەبەرچاوگرتنی فاکتەرە ژینگەییەکان" لە لایەن کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ "پاراستنی ژینگەی عێراق" کردووەتەوە.
عێراق کە 90٪ـی داهاتەکەی لە بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان دەستدەکەوێت، پێنجەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت و پێنجەم وڵاتە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر بێت.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، سوودانی "رایگەیاند کە حکومەت وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵدای کردووەتە کارێکی هەرە لەپێشینە بۆ ئەوەی بە زووترین کات بە توانای پشتبەخۆبەستن لە دابینکردنی ئەم سەرچاوە سرووشتییە گرنگە بگات."
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە: "سەرۆکوەزیران داوای لەو کۆمپانیا نەوتییانە کرد کە مۆڵەتەکانی گەڕی پێنجەمیان واژۆکردووە، بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی گرێبەستەکانیان خێرابکەن و بەردەوام سەرۆکوەزیران لە پێشڤەچوونی کارەکانیان ئاگاداربکەنەوە. هەروەها جەختی لە ئامادەیی عێراق بۆ پشتیوانیکردنی هاوبەشە ئابوورییەکانی کردەوە و پێشوازیی لە پێشنیازەکانی گەشەپێدان کرد."