ماڵئاوا نەوتی 80 دۆلاری
شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار بابلیەکان نەوتیان بەکارهێناوە، لەو کاتەوە تا ئێستا لە بازاڕی نەوت رووینەداوە ئەو هەموو تەکنەلۆژیا و توانا مرۆییە لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت بەکاربهێندرێت ، کەچی دەبێت چل دۆلار بدەیت تا کەسێک بەرمیلە نەوتەکەت لە کۆڵ بکاتەوە.
بۆچی نەوت بەو شێوەیە دابەزیوە؟
نەوت لە بازاڕدا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، مانگانە گڕیبەستەکان بەسەر دەچن و تەواو دەبن، دوایین کەس کە گرێبەستەکەی بەدەستەوەیە ناچارە ئەو بڕە نەوتەی لە گرێبەستەکەدا هاتووە باریبکات، پێش بارکردنیش شوێنێکی بۆ بدۆزێتەوە بۆ کۆگاکردن، شوێنیش نیە، بۆیە نەوتەکە پارە ناکات، نەک پارە ناکات، دەبێت پارە بدات تاوەکو یەکێک لێی وەربگرێت.
هەندێکجار گرێبەستەکە وەک هێلکەیەک وایە لەسەرتدا دەشکێت، هەندێجاریش دەبێتە نیعمەتێک بۆت. سەرنج بدەن، جیهان پڕ بووە لە نەوت، ئەمبار و تانکی، فارگۆنی شەمەندەفەر، کەشتییە دەریاییەکان، بۆرییەکانی گواستنەوە، هەموویان لێو ریژ بوون و پڕبوون لە نەوت.
سەرەتای ئەم دۆخە لە کوشینگی ئۆکلاهامای ئەمریکا دەرکەت. گەورەترین کۆگای نەوتی جیهان لەو شوێنەدایە. 19 تێرمیناڵی نەوتیی لێیە و، توانای کۆگاکردنی 90 ملیۆن بەرمیلی هەیە، 13٪ ی نەوتی هەموو ئەمریکا لەوێ کۆگادەکرێت، بەتەنیا ئەو بۆڕییانەی کە کۆگاکان بەیەکەوە دەبەستن توانای هەڵگرتنی 6.5 ملیۆن بەرمیلی هەیە، یەکەمجارە کۆگاکانی کۆشینگ خۆیان بۆ پڕبوونەوەی تەواوەتی ئامادە دەکەن کە لەڕووی لۆجستیکییەوە، تەحەددایەکی گەورەیە.
هەرچی کۆگای دونیا هەیە، کۆیان بکەیتەوە، 6 ملیارو 800 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگرن، ئێستا 76 لەسەدیان پربوونەتەوە لە نەوت، زۆری نەماوە بەتەواوی پڕ ببنەوە، ئەمە دۆخی وشکانییە، با بزانین لە ئاوەکاندا چی دەگوزەرێت.
تەماشای ئاپۆڕای بارهەڵگرەکانی نەوت بکەن، هەیانە یەک ملیۆن هەیانە دوو ملیۆن بەرمیلی بارکردوە، عەوداڵی کڕیارن و بە دەریای بێسنوورا دێن و دەچن ، خۆیشیان هەرزان فرۆش کردووە، کەسیش نایانکرێت. لەوە سەمەرەتر ئەوەیە ئەم ملیۆن بەرمیلە ، خاوەنەکەی زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلاریشت پێدەدات تەنیا لە کۆڵی بکەیتەوە، کەس نایەوێ، بۆ، چونکە شوێن نیە تا تێیدا ئەمباری بکەی.
ئێستا 160 ملیۆن بەرمیل نەوت لەناو کە شتییەکاندایە و لەدەریادان و کۆگاکراوە.
پێشتر کرێی هەر کەشتییەک کە ئەوسا بۆ گواستنەوەو ئێستە بۆ کۆگاکردن بەکاردەهێنرێت، رۆژانە 20 هەزار دۆلار بوو، ئێستە بەرزبووەتەوە بۆ 200 تاوەکو 300 هەزار دۆلار، بۆیە ئێستە رۆژ رۆژی کۆمپانیاکانی گواستنەوەو ئەمبارکردنە، هەندێکیان داهاتیان لەسەدا 60 بەرز بووەتەوە.
رەنگە ئێستە ساتی ماڵئاواییکردن بێت لە رۆژانی زێڕینی پیشەسازی نەوت، کاتی ماڵئاواییکردن بێت لەو رۆژانەی کە نەوت جارێک بە 70 دۆلار و رۆژیک بە 80 دۆلار بوو، رەنگە ئیدی ئەو رۆژانە نەمابێت پێشبینی بکەی کە نرخی نەوت بگاتە 100 دۆلار.