ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا دەستکاری بڕی بەرهەمهێنانی نەوت نەکات و نرخەکەی بەرزکردەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیرانی وزەی ئۆپێک پڵەس بڕیاریاندا ئاستی بەرهەمهێنان وەک خۆی بهێڵنەوە. بڕیاریشە لەم مانگەوە کەمکردنەوەی هەناردەی رۆژانەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی عێراق جێبەجێ بکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 3-4-2024، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بڕیاردرا دەستکاریی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت نەکرێت و تاوەکو حوزەیرانی داهاتوو وەک خۆی بیهێڵێتەوە.
 
وەزارەتی نەوت دەشڵێت، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە، عەمار عەنبەکی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووە، کە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەچوو.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی درێژەپێدانی ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت کرایەوە، هاوشان لەگەڵ پابەندبوونی وڵاتانی ئەندام لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و هاوسەنگیی زیاتر لە بازاڕی نەوتی جیهان.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا 1ـی حوزەیرانی داهاتوو کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرانی ئۆپێک بەڕێوەبچێت.
 
ئەمە لەکاتێكدایە ئەم هەفتەیە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و، یەکێک لە هۆکارەکانیش بڕیارەکەی ئەمڕۆی ئۆپێک پڵەس و پێشبینییەکانی پێشتر بوون لەبارەی بڕیارەکە.
 
ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنی گەیشتە 89 دۆلار 58 سەنت، کە بەرزترین ئاستە لە شەش مانگی رابردوودا.
 
مانگی رابردووش بە هەمانشێوە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن لەسەر درێژەدان بە کەمکردنەوەی رۆژانەی 2 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بڕیاری لێدرابوو.
 
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی S&P Commodity Insights کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە بواری وزە، ئەمساڵ ئەندامانی ئۆپێک پڵەس لە مانگی کانوونی دووەم رۆژانە 275 هەزار و، لە مانگی شوباتیشدا 175 هەزار بەرمیل نەوتیان زیاتر لەو ئاستە بەرهەمهێناوە، کە بۆیان دیاریکراوە.
 
وەک ماڵپەڕەکە دەڵێت، عێراق، گابۆن و کازاخستان دیارترینی ئەو وڵاتانە بوون کە زیاتر لەو ئاستە نەوتیان بەرهەمهێناوە کە بۆیان دیاریکراوە.
 
بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیادەیە، رۆژی دووشەممە 18-3-2024، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەنیازە لە مانگەکانی داهاتوودا هەناردەی نەوت بە بڕی 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمبکاتەوە.