نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 2300 دۆلار

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەم ساڵ سوودی بانکی کەمدەکەنەوە، ئەوەش نرخی زێڕی گەیاندە 2300 دۆلار.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 3-4-2024، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە زانکۆی ستانفۆڕد رایگەیاند، هێشتا بانکەکەیان کاتی لەبەردەمە لەبارەی یەکەمین کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی.
 
پاوڵ دەڵێت، "ئامارەکانی ئەمدواییەی هەلی کار و هەڵاوسان زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان دەرچوون، بەڵام بە کردار کۆی وێنەکە ناگۆڕن کە بازاڕێکی کارمان هەیە بە باشی گەشە دەکات و هەڵاوسانیش بەرەو 2٪ دادەبەزێت، بەڵام هەندێکجار تەگەرەی دێتە پێش".
 
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا باس لەوەشدەکات، "بە لەبەرچاوگرتنی بەهێزیی ئابووری و ئەو پێشکەوتنەی تائێستا لە کەمکردنەوەی هەڵاوسان بەدیهاتووە، کاتمان هەیە تاوەکو بوار بدەین داتاکانی داهاتوو رێنوێنیی بڕیاری سیاسەتی نەختینەییمان بکەن و کۆبوونەوە دوای کۆبوونەوە بڕیاربدەین".
 
جیرۆم پاوڵ دەڵێت، "ئەگەر ئابووری بەو شێوەیە بسووڕێت کە پێشبینی دەکەین، خۆم و هاوکارەکانم تاڕادەیەکی زۆر هاوڕا دەبین، کە دەکرێت سوودی بانکی کەمبکەینەوە".
 
بەڵام وەک پاوڵ دەڵێت، ئەمە تەنیا کاتێک روودەدات کە سیاسەتداڕێژەران "متمانەیەکی زیاتریان هەبێت بەوەی هەڵاوسان بەردەوام بەرەو 2٪ دادەبەزێت کە ئامانجی بانکی ناوەندییە".
 
12ـی مانگی رابردوو، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 3.2٪ بەرزبووەتەوە.
 
رۆژی 10-4-2023 کە دەکاتە چوارشەممەی داهاتوو، ئاماری هەڵاوسان بۆ مانگی ئادار لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە و هەر دابەزینێک بەراورد بە مانگی پێشتر، پێشبینییەکان بەهێزتر دەکات لەبارەی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا.
 
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوە، بەشێك لە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاندبوو، کە رەنگە تاوەکو کاتێکی زیاتر سوودی بانکی لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵنەوە.
 
ئێستا زۆرینەی بازرگان و وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن کە لە کۆبوونەوەی رۆژانی 11 و 12ـی حوزەیرانی داهاتوودا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات.
 
بەهۆی گوتەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، نرخی زێڕ زیاتر لە 15 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 2294 دۆلار.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
 
کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار، ئەوەش بە قازانجی زێڕ دەشکێتەوە.
 
لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، ئەمە سێیەمین جارە نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی دەشکێنێتەوە.