نرخی بیتکۆین لە تەنیا کاژێرێکدا زیاتر لە هەزار دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین لە ماوەی تەنیا کاژێرێکدا زیاتر لە هەزار دۆلار دابەزی، ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەهای پشکەکانی بانکێکی تایبەت بە دراوە دیجیتاڵییەکان و مەترسیی هەرەسهێنانی.
رۆژی هەینی، 03-03-2023، نرخی بیتکۆین لە ماوەی تەنیا کاژێرێکدا زیاتر لە 5٪ـی نرخەکەی لەدەستدا و لە 23 هەزار و 500 دۆلارەوە بۆ 22 هەزار و 240 دۆلار دابەزی، بەوەش زیاتر لە هەزار و 200 دۆلاری نرخەکەی لەدەستدا، ئەوەش بەهۆی ناڕوونییەکان لەبارەی مەترسیی هەرەسهێنانی بانکی سلڤەرگەیتەوە.
بەهۆی دابەزینەکەی ئەمڕۆوە، بەهای بازاڕی دراوە بیتکۆین 22 ملیار دۆلار دابەزی و گەیشتە 430.9 ملیار دۆلار.
مارکۆس تایلین، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە سەکۆی ماتریکسپۆرت بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت: "دابەزینی نرخی بیتکۆین بەهۆی دابەزینی بەردەوامی پشکەکانی بانکی سلڤەرگەیتەوەیە، چونکە ناڕوونیی زیاتر هەیە لەبارەی مامەڵەکانەوە". دەشڵێت: "جگە لەوە، لەسەر ئاستی سێکتەرەکە نیگەرانیی فراوانتر هەیە لەبارەی هەوڵەکانی رێکخەرانی ئەمریکا بۆ زیاتر پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەنێوان کۆمپانیاکانی دراوە دیجیتاڵییەکان بانکە مۆڵەتپێدراوەکان."
رۆژی پێنجشەممە، بەهای پشکەکانی بانکەکە زیاتر لە 55% دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی چوارشەممە بانکەکە بە کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕی ئەمریکای راگەیاند، کە ناتوانێت راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەکاتی خۆیدا پێشکێشبکات و هەڵسەنگاندن بۆ توانای مانەوەی لە مامەڵەکاندا دەکات.
لەگەڵ دابەزینی پشکەکانی بۆ نزمترین ئاست، زۆربەی کڕیارەکانی دراوە دیجیتاڵییەکانی بانکەکە سەرجەم پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بانکەکە پچڕاند، لەوانەش کۆینبەیس، پاکسۆس، گالاکسی دیجیتاڵ و Crypto.com.
سلڤەرگەیت بە کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕی ئەمریکای راگەیاندووە، خەریکی شیکارییە بۆ هەندێ رێکخستن و پرس و لێکۆڵینەوەکانیشی هەڵپەسێردراون.
بەهای پشکەکانی بانکەکە ئەمساڵ بە رێژەی 67٪ دابەزیون.
دابەزینی بەهای پشکەکانی سلڤەرگەیت لەکاتێکدایە، بانکەکە رایگەیاندووە، لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوودا و بەهۆی ترسی وەبەرهێنەر و بازرگانان لە ئەنجامی هەرەسهێنانی سەکۆی FTXـەوە، 1 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە.
بەپێچەوانەی FTX و سەکۆیە دیجیتاڵییەکانی دیکەوە کە ساڵی رابردوودا مایەپووچ بوون، سلڤەرگەیت بانکێکی دانپێدانراوی فیدراڵی و دەستەبەرکراوە و وەک دەروازەیەک لە ئاڵوگۆڕەکانی سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکاندا مامەڵەی کردووە.