بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە داخستنی بازاڕدا؛ 100 دۆلار بە 152 هەزار و 500 دینارە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێچەوانەی دوێنێ، ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕی دراودا، نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بۆ خوار 153 هەزار دینار دابەزی.
رۆژی چوارشەممە 03-01-2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 153 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
بەگوتەی حاجی سابیر، "لەکاتی مامەڵەکانی رۆژدا سەرەتا ترس لە دابەزینی نرخی دینار هەبوو، بەوپێیەی خەڵک بەرچاوی روون نەبوو کە ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری کاش دەخاتە بازاڕەوە یان نا."
وەکو ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، دوای خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بۆ 152 هەزار و 350 دیناریش دابەزی، بەڵام لەکاتی داخستندا، 100 دۆلار بە 152 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
هاوکات، لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، ئەمڕۆ 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا بە 153 هەزار زیاتر بوو، لەکاتی داخستنیشدا بە 152 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 205 ملیۆن و 398 هەزار و 248 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 188 ملیۆن و 706 هەزار و 228 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 16 ملیۆن و 592 هەزار و 20 دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە.
ئەمڕۆ یەکەمین رۆژی دەوامیی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق بووە لە ساڵی نوێدا. بانکەکە بڕیاریداوە لە ئەم ساڵەوە تەواوی مامەڵە بازرگانییەکانی نێوخۆ لە دۆلارەوە بکرێنە دینار.
بەرزبوونەوەی نرخی دینار لەکاتێکدایە، دوێنێ نرخەکەی دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە 153 هەزار دینار. ترسیش هەبوو لە ئەگەری نەخستنەڕووی دۆلار بەشێوەی کاش، نرخی دینار زیاتر دابەزێت.
حاجی سابیر دەڵێت، ئەگەر خستنەڕووی دۆلار بەردەوام بێت، رەنگە نرخی دینار زیاتر بەرزببێتەوە و دوور نییە 100 دۆلار بە تێپەڕبوونی کات، بگاتە خوار 150 هەزار دیناریش.
بانکى ناوەندیی عێراق لە رێگەى رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ زیادکردنى ماڵە بە یۆرۆ و لیرەى تورکى شان بە شانى دۆلار، هەوڵدەدات بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز بکاتەوە.