لە تورکیا قەرزی بانکیی هاووڵاتییان 74% زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2023دا قەرزی بانکیی هاووڵاتییان 74% و قەرزی کارتی بانکیی هاووڵاتییان 160% زیادیکردووە.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا تادێت قەیرانی ئابووری قووڵتر دەبێت و قەرزی بانکیی هاووڵاتییان زیاتر دەبێت. ساڵی 2023 سوودی بانکی لە 8.5% بۆ 42.5% بەرزکرایەوە. لەگەڵ زیادکردنی سوودی بانکی، سوودی سەر قەرزی بانکی پێداویستی گەیشتە 62.25% و ژمارەی پێوانەیی 21 ساڵی رابردووی شکاند.
 
لەگەڵ زیادبوونی سوود، قەرزی بانکیی هاووڵاتییان زیادیکرد. بەپێی ئاماری دەستەی چاکسازی و پێداچوونەوەی بانکەکان (BDDK)، لە 22ی کانوونی یەکەمی 2023 قەرزی کارتی بانکیی هاووڵاتییان بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پێشتر 160.45% زیادیکردووە و گەیشتووەتە یەک تریلیۆن و 99 ملیار و 778 ملیۆن لیرە، کە نزیکەی 37 ملیار دۆلارە. لە 23ی کانوونی یەکەمی 2022، قەرزی هاووڵاتییان لە کارتی بانکی 422 ملیار و 267 ملیۆن لیرە بووە، کە دەکاتە نزیکەی 14 ملیار و 180 ملیۆن دۆلار.
 
قەرزی بانکیی هاووڵاتییان 74.47% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 2 تریلیۆن و 596 ملیار و 682 ملیۆن لیرە، کە دەکاتە نزیکەی 87 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار. قەرزی خانووبەرە 22.19% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 438 ملیار و 313 ملیۆن لیرە، کە دەکاتە نزیکەی 14 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، قەرزی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان 99.76% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 93 ملیار و 173 ملیۆن لیرە، کە دەکاتە نزیکەی 3 ملیار دۆلار.