پووتین لەبارەی هەناردەکردنی دانەوێڵە: ئەگەر گەرەنتییەکانمان پێشێل بکرێن دووبارە دەکشێینەوە


رووداو دیجیتاڵ

رووسیا رایگەیاند، چووەتەوە نێو رێککەوتنی دانەوێڵە، پووتینیش هەڕەشەی دووبارە کشانەوە دەکات. لەدوای بڕیارەکەش نرخی گەنم دابەزی.
 
دوای چەند رۆژێک لە هەڵپەساردنی، رووسیا رۆژی چوارشەممە 02-11-2022 رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا رێککەوتووە لەسەر هاتنەوە نێو رێککەوتنەکە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە.
 
کرێملین رۆژی شەممە ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بەوەی رێڕەویی کەشتییە دانەوێڵە هەڵگرەکانی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتیگەلەکانی رووسیا لە کریمیا بەکارهێناوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، کیێڤ بە نووسراو دڵنیایی داوە، ئەو رێگەیە بۆ کردەوەی سەربازی بەکارنەهێنێت.
 
رێککەوتنەکە لە مانگی تەممووزی رابردوو بەنێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا لە شاری ئیستەنبووڵ واژۆکرا، بەمەش کۆتایی بە گەمارۆی پێنج مانگەی رووسیا بۆ سەر بەندەرەکانی ئۆکرانیا هێنا، کە ملیۆنان تۆن دانەوێڵە و زەیتی گوڵەبەڕۆژەی ئۆکراینا گیریان خوارد و نرخی خۆراکی لەسەر ئاستی جیهاندا بەرزکردەوە.
 
رێککەوتنەکە لە 19ـی ئەم مانگە کۆتایی دێت، درێژکردنەوەشی پێویستیی بە رەزامەندیی لایەنە بەشداربووەکانی هەیە. 
 
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوەی رێککەوتنەکە لە رۆژی 3ـی ئابی رابردووەوە چووەتە باری جێبەجێکردنەوە، 9.8 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە رێگەی زیاتر لە 400 کەشتییەوە گوازراونەتەوە بۆ وڵاتانی جیهان.
 
رووسیا ماوەیەک هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە بەشداریی لە رێککەوتنەکە دەکرد، بەڵام رۆژی شەممە بەشداریکردنی لە رێککەوتنەکە هەڵپەسارد و ئۆکرانیای بە هێرشکردنەسەر بەلەمەکانی رووسیا لە بنکەی سیڤاستۆپۆل لە کریمیا تاوانبار کردبوو.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە شەوی هێرشەکەی سەر بنکەی سیڤاستۆپۆل هیچ کەشتییەک لە رێڕەوی کەشتییەکان نەبووە، ئۆکرانیاش بانگەشەکانی رووسیای رەتکردەوە و بە "بیانوویەکی درۆ" ناوی برد.
 
هاوکات چەند کاژێرێک دوای بڕیارەکە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا هەڕەشەی دووبارە کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند: "ئەگەر گەرەنتییەکانمان لە لایەن ئۆکرایناوە پێشێل بکرێن، ئەوا رووسیا مافی دەرچوون لە رێککەوتنەکەی هەیە".
 
هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەگەرمی پێشوازی لە گەڕانەوەی رووسیا بۆ نێو رێککەوتنی هەناردە کرد و گوتەبێژەکەی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "گۆتێرێز لە گفتوگۆکانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بۆ درێژکردنەوە و جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنەکە". گوتیشی، "گۆتێرێز بەردەوام دەبێت لە پابەندییەکانی بۆ لادانی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم هەناردەی خۆراک و پەینی کیمیایی رووسیادا ماون".
 
لە دوای راگەیاندنی گەڕانەوەی رووسیا بۆ نێو رێککەوتنەکە، نرخی تۆنێک گەنم لە بۆرسەی شیکاگۆ بە رێژەی 6٪ و بۆ 8 دۆلار و 5 سەنت بۆ هەر بوشلێک (25.40 کیلۆگرام) دابەزی.