گەشەی ئابووریی تورکیا زیاتر لە نیوە کەمبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

گەشەی ئابووریی تورکیا لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا لە زیاتر لە 5%ـەوە بۆ کەمتر لە 3% کەمبووەتەوە.
 
دەزگەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا ئابووریی وڵاتەکە 2.5% گەشەی کردووە. ئەمە کەمترە لە پێشبینییەکان.
 
پێشبینیی ئابووریناسان و ناوەندە ئابوورییەکان ئەوە بوو لەو چارەکەدا ئابووریی تورکیا 3% گەشەی کردبێت. بەم پێیە، لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا قەبارەی ئابووریی تورکیا 208 ملیار و 106 ملیۆن دۆلار زیادبووە.
 
لە چارەکی یەکەمی 2024ـدا ئابووریی تورکیا 5.3% گەشەی کردبوو، کاتێک زیادکردنی کەمترین ئاستی مووچە خواستی بەکاربەرانی وڵاتەکەی بەهێزکردبوو.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکە، محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رایگەیاند، "گەشەی ئابووری سەقامگیر بووە. کورتهێنان و مەترسیی زیادبوونیشی کەمبوونەتەوە. بەهۆی زیادبوونی سەرمایەی بیانیشەوە، یەدەگی دراو زیادبووە. چووینەتە قۆناخی دابەزینی هەڵاوسانیشەوە".
 
زیادکردنی بەرچاوی رێژەی سوودی بانکی، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی گەشەی ئابووریی تورکیایە.
 
لە حوزەیرانی 2023 تائێستا، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی لە 8.5%ـەوە بۆ 50% زیادکردووە. پێنج مانگی لەسەریەکیشە لە کۆبوونەوەکانیدا بڕیار دەدات رێژەکە وەک خۆی بهێڵێتەوە.
 
زیادبوونی رێژەی هەڵاوسان پاڵنەری زیادکردنی رێژەی سوودە. بەپێی دەزگەی ئاماری تورکیا، لە تەمموزی ئەم ساڵدا هەڵاوسان بۆ 62% دابەزی. پێشبینی دەکەن بەردەوامیش بێت لە دابەزین.
 
هەروەها دوای ئامارەکە، نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار 0.40% بەرزبووەوە. هەر دۆلارێکی ئەمریکی بە 33.92 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.