عێراق زیاتر لە 30٪ـی کۆی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران هاوردە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

گومرگی ئێران دەڵێت، یەک لەسەر سێی هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵییان بۆ عێراق بووە.
 
رووحوڵڵا لەتیفی، گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی بازرگانی و پیشەسازیی ئێران دەڵێت، لە ساڵی دارایی رابردووی ئێران [کە 19ـی ئاداری ئەم ساڵ کۆتاییهات]، هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی و خۆراکیان 22.5٪ زیادبووە.
 
لەو ساڵەدا ئێران بایی نزیکەی 6 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بەرهەمی کشتوکاڵی و خۆراکیی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە.
 
لەو ساڵەدا عێراق گەورەترین هاوردەکاری بەرهەمی کشتوکاڵیی ئێران بووە؛ بایی ملیارێک و 986 ملیۆن دۆلاری هاوردەکردووە.
 
بەم پێیە، عێراق 31.5٪ـی کۆی بەرهەمی کشتوکاڵیی ئێرانی هاوردە کردووە.
 
لەدوای عێراق، ئیمارات بە 751 ملیۆن دۆلار و رووسیاش بە 521.5 ملیۆن دۆلار زۆرترین بەرهەمی کشتوکاڵییان لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.
 
هەروەها ئیدارەی گومرگەکانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵی دارایی ئێراندا [20 ئادار تاوەکو 21ـی ئابی ئەم ساڵ] بایی 177 ملیۆن دۆلار تەماتەیان هەناردەکردووە.
 
وەک ئێران دەڵێت، دوای فستق، تەماتە دووەم گەورەترین بەرهەمی کشتوکاڵیی وڵاتەکەیە هەناردە کرابێت لەو ماوەیەدا.
 
پێشتر گومرگی ئێران رایگەیاندبوو، لە ئادار تاوەکو ئابی ئەم ساڵ، 2 ملیۆن و 657 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵییان هەناردەی دەرەوە کردووە کە بایی ملیارێک و 453 ملیۆن دۆلار بووە. بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 33٪ زیادبووە.
 
پێشتر گومرگی ئێران رایگەیاندبوو، لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی داراییان [20ـی ئادار تاوەکو 21ـی تەممووز] 2 ملیۆن و 226 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵییان هەناردە کردووە کە بایی ملیارێک و 180 ملیۆن دۆلار بووە.