یەک دۆلار بە زیاتر لە 33 لیرەی تورکییە
رووداو دیجیتاڵ
بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دراوی بیانی دابەزی. لە بازاڕی ئازادی ئیستەنبووڵ یەک دۆلاری ئەمریکی بە 33.18 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 2ـی ئاب بەهای لیرەی تورکی بە بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە یەکی ئاب 0.20٪ دابەزی و یەک دۆلار بە 33 لیرە و 18 قروش مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها بەهای یەک یۆرۆ گەیشتە 35.82 لیرە.
یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی دابەزینی لیرەی تورکی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان، جێگیرکردنی سووی بانکییە لەلایەن بانکی ناوەندیی تورکیا کە بۆ جاری چوارەم لە ئاستی 50٪ هێشتییەوە.
نزیکەی 10 مانگە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی قۆناخ بە قۆناخی هەڵاوسان و جێگیرکردنی سوودی بانکییەوە، لە دابەزیندایە. لیرەی تورکی لە 10 مانگی رابردوودا نزیکەی 11.8٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاری 2023دا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند.