کەمیی سێمیکۆنداکتەر بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل کەمدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەمیی سێمیکۆنداکتەر بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل کەمدەکاتەوە و بازرگانێکی ئۆتۆمبێلیش دەڵێت، بەو هۆیەوە کارگەی کۆمپانیا جیهانییەکانی ئۆتۆمبێل 25٪ـی داواکارییەکانیان رەتدەکەنەوە، تایبەتمەندیی ئۆتۆمبێلەکانیش دادەبەزێنن.
نینب شەمعون سڵێوە، نوێنەری سەردار گرووپ لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ئۆتۆمبێل کە کۆمپانیاکەیان ئۆتۆمبێلەکانی رەینج رۆڤەر، جاگوار و لێکسزی لە پێشەنگاکەدا نمایشکردووە، گوتی، "ئەمە کاریگەری کردووەتە سەر قەبارەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان."
رۆژی 29-02-2024 پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر کرایەوە، تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێ، پێشانگەکە ئۆتۆمبێلی نوێ و براندی جیاوازی تێدا پێشان دەدرێت.
جگە لە پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل، کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە 16 وڵاتەوە بەشدارن، لەنێویدا، براندە جیهانییەکانی وەکو هامان، رەینج رۆڤەر، مێرسیدس، جاگوار، هیوندای، کیا، جەنەڕاڵ مۆتۆرز و کۆمەڵێک براندی دیکەش.
نینب شەمعون گوتی، ساڵی رابردوو "نزیکەی 600 ئۆتۆمبێلی جۆری رەینج رۆڤەر، جواگارمان فرۆشتوە، ئۆتۆمبێلە نمایشکراوەکانمان لە پێشانگەکەدا مۆدێلی 2024ن."
دەشڵێت، هەموو ئۆتۆمبێلەکانیان "هایبێردن واتە نیمچە کارەباییە و دۆستی ژینگەیە. تاوەکو 120 کیلۆمەتر دەتوانیت بە کارەبای کاری پێبکەین و بە خێرایی تاوەکو 140 دەتوانیت لێبخوڕیت.
بەهۆی پەرەسەندنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، خواستی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل بۆ سێمیکۆنداکتەر زیاتر دەبێت، کاریگەرییەکەش بە روونی لە تێچووی دامەزراندنی کارگەکانی چیپ دەردەکەون.
لە ساڵی 1997 تێچووی دامەزراندنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چیپ نزیکەی یەک ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئێستا دروستکردنی کارگەیەکی چیپ 10 ملیار بۆ 40 ملیار دۆلاری پێویستە.
بەهای پشکەکانی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری سێمیکۆنداکتەر دەگاتە ملیاران دۆلار.
ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی پشکی کۆمپانیاکانی چیپی ئەلیکترۆنی هەبووە.
رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، 22-02-2024، کۆمپانیای ئێن ڤیدیا کە نزیکەی 70٪ـی فرۆشی سێمیکۆنداکتەری جیهان پێکدەهێنێت قازانجی کۆمپانیاکەی راگەیاند؛ بۆ ساڵی 2023 کۆمپانیاکە 60.9 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە.
هەر لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکانیەوە، بەهای کۆمپانیای ئێن ڤیدیا نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە یەک ترلیۆن و 963 ملیار دۆلار.
بەهۆی ئەو بەرزبوونەوە زۆرەوە، ئێن ڤیدیا ئێستا چوارەم گەورەترین کۆمپانیای جیهانە لە رووی بەهاوە و پێش هەریەک لە ئەمازۆن و ئەلفابێت کەوتووەتەوە.
سێمیکۆنداکتەر چوارگۆشەیەکی بچووکی چەند ملیمییە کە تەکنەلۆجیای سەردەمیانەی پێ بەستراوەتەوە، هەر لە یاریی ئەلیکترۆنیی منداڵانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە فڕۆکەی جەنگی، ئۆتۆمبێل، کەشتیی ئاسمانی و سەرجەم ئامێرە کارەباییە پێشکەوتووەکان.
کەمبوونەوەی سێمیکۆنداکتەر راستەوخۆ کاریگەری لەسەربەرهەمهێنانی ئەو ئامێرانە دەبێت.
نوێنەری سەردار گرووپ لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئۆتۆمبێل ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی کەمی سێمیکۆنداکتەر کۆمپانیاکان ناچار تایبەتمەندی ئۆتۆمبێلەکانیان دابەزێنن.
گوتیشی، "دەبینین ئۆتۆمبێلەکانی ساڵانی رابردوو تایبەتمەندیەکانی لەوانەی ئێستا زیاترە، بۆ نموونە مۆدێلەکانی 2022 ئۆتۆمبێلەکانی چوار کامێرای لەسەر بوو بە بێ زیادکردنی نرخی تایبەت بەو کامێرایانە، بەڵام لە ساڵی 2023 نرخی جیا دانرا بۆ کامێرەکان ئەگەر کەسێک ئێستا داوای ئەو تایبەتمەندییە بکات، دەبێت بەجیا پارەی بۆ بدات."
بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنەری سێمیکۆنداکتەر، کۆمپانیای (TSMC)ی تایوانی کە گەورەترین بەرهەمهێنەری چیپی جیهانە و 90٪ـی چیپە پێشکەوتووەکانی جیهان بەرهەمدێنێت و رۆژی شەممە کارگەیەکی لە ژاپۆن کردەوە رایگەیاند: "تێچووی بەرهەمهێنانی چیپ لە ئەمریکا 50٪ زیاترە لەوەی کە لە تایوان بەرهەمدێت."
وڵاتانی گەورە ئابووریی جیهانیش لە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەکانیانن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی چیپ و سێمیکۆنداکتەر.
ئەمریکا 25٪ی بازاڕی سێمیکۆنداکتەر و چیپی ئەلیکترۆنی بەخۆی تەرخانکردووە، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی ئەمریکا ئێستا بۆ 12٪ دابەزیوە.
بۆ زیادکردنی ئەو رێژەیە، ساڵی 2022 کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیاسای ناسراو بە "چیپ و زانست"ی پەسند کرد.
ئەوەش بە مەبەستی پەرەدان بە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی چیپ و بەهێزترکردنی پێگەی ئەمریکا لە رکابەریکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی چین، تایوان و وڵاتانی دیکەی جیهان.
یاساکە زیاتر لە 76 ملیار دۆلار هاوکاریی دارایی بە شێوەی قەرزی درێژخایەن دەداتە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی سێمیکۆنداکتەر.