لەتیف رەشید: کاریگەریی کەمیی وزە لە کاریگەرییەکانی گەرمبوونی جیهان کەمتر نابێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، عێراق لە 10 ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوتی دووهێندە زیادکردووە و پەرە بە پڕۆژەکانی گازیش دەدات. دەشڵێت، کاریگەریی کەمیی وزە لەسەر مرۆڤایەتی، کەمتر نابێت لە کاریگەریی گەرمبوونی جیهان.
 
ئەمڕۆ (شەممە 2-3-2024) لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە گوتارێکدا لەکاتی بەشداریکردنی لە حەوتەمین لووتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز لە جەزائیر رایگەیاند، عێراق کۆمەڵێك پڕۆژەی لە بواری پەرەپێدانی گاز دەستپێکردووە.
 
لەتیف رەشید دەڵێت، "روون بووەتەوە؛ جیهان چۆن پێویستی بە خودی وزەیە، بەهەمان شێوە پێویستیی بە سەقامگیریی کەرتەکانی وزە و متمانە بە سەقامگیرییەکەی هەیە."
 
سەرۆککۆماری عێراق گوتیشی، "هێشتا هەوڵەکانی جیهان لەو چوارچێوەیەدان کە هاوسەنگییەک لەنێوان ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی فڕێدانی گازە ژەهراوییەکان بەدی بهێنرێت. کاریگەریی کەمبوونەوەی وزە لەسەر مرۆڤایەتی کەمتر نابێت لە کاریگەریی گەرمبوونی جیهان و، نزیکەی ملیارێک کەس لە تەواوی جیهاندا دەستیان بە سەرچاوەکانی وزە ناگات. ئەو ژمارەیەش روو لە هەڵکشانە."
 
سەرۆککۆماری عێراق باس لەوەش دەکات، سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان، لە 10 ساڵی رابردوودا وەزارەتی نەوت لە عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی دووهێندە کردووە و، گەیاندوویەتیە چوار ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەمەش تەنیا عێراق یەک لەسەر پێنج [20٪]ـی زیادبوونی بەرهەمی نەوت لەسەر ئاستی جیهان پێکدەهێنێت."
 
سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی گازی عێراقیشەوە دەڵێت "پڕۆژەی تەواوکاریی گەڕی پێنجەم و شەشەممان دەستپێکردووە، زۆرینەی ئەوەش کێڵگە گازییەکان دەگرێتەوە، کە جێگەی ئومێدن."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەنجوومەنی وەزیران [ـی عێراق]ـیش راسپاردەکانی دروستکردنی سەکۆیەکی گەورەی گازی شلی لە بەندەری فاو پەسندکردووە، کە یەکەمین سەکۆی لەو جۆرەیە [لە عێراق] لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایشی وزە و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی."
 
لە گوتەکەیدا سەرۆککۆماری عێراق جەختی لەوە کردەوە "لە رێگەی هەنگاوی وردەوە پێشڤەچوون بەدیدەهێنین لە سوودوەرگرتن لە گاز و، پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2023، پڕۆژەیەکی گاز بەگەڕخرا و، بۆ ئەمساڵیش، وەزارەتی نەوت هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ خستنەگەڕی زیاتر لە پڕۆژەیەکی گاز لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق."
 
رۆژی هەینی، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، لەتیف رەشید بەغدای پایتەختی بەجێهێشت و بەرەو کۆماری دیموکراتی جەزائیر بەڕێکەوت. گوتیشی، سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆککۆماری جەزائیر بووە بۆ بەشداریکردن لەو کۆڕبەندە.
 
لە سەردانەکە هەریەک لە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ژمارەیەک بەرپرس و راوێژکاری دیکە یاوەریی سەرۆککۆماری عێراق دەکەن.