دەستەی وەبەرهێنان: ئەمساڵ نۆ پڕۆژە بە سەرمایەی 101 ملیۆن دۆلار چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوو مانگی ئەمساڵدا نۆ پڕۆژەی جۆراوجۆر بە سەرمایەی زیاتر لە 101 ملیۆن دۆلار چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش 263 پڕۆژە چوونەتە بواری جێبەجێکردن کە زۆرترینی لە هەولێر بووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 02-03-2023، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 1ی کانوونی دووەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ 2ی ئادار نۆ پڕۆژەی جۆراوجۆر بە سەرمایەی 101 ملیۆن و 291 هەزار و 748 دۆلار چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
سێ لەو پرۆژانە لە هەولێر، سێ پرۆژە لە دهۆک، دوو پرۆژە لە سلێمانی و پرۆژەیەکیش لە زاخۆ بووە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، ئەو نۆ پڕۆژەیە یەکێکیان پڕۆژەی بازرگانییە، پێنج پیشەسازی، یەک گەشتیاری و دووانیان پڕۆژەی نیشتەجێبوونن و سەرمایەکانیان بەمشێوەیە: 
 
- یەک پڕۆژەی بازرگانی بە سەرمایەی 2 ملیۆن و 517 هەزار و 940 دۆلار.
- پێنج پڕۆژەی پیشەسازی بە سەرمایەی 47 ملیۆن و 223 هەزار و 768 دۆلار.
- یەک پڕۆژەی گەشتیاری بە سەرمایەی پێنج ملیۆن و 476 هەزار و 440 دۆلار.
- دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە سەرمایەی 46 ملیۆن و 73 هەزار و 600 دۆلار.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداوی ناردووە، سەرمایەی پڕۆژەکان بەگوێرەی پارێزگاکان و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەمشێوەیە:
 
- سێ پڕۆژەکەی هەولێر بە سەرمایەی 65 هەزار و 838 هەزار و 600 دۆلار.
- دوو پرۆژەکەی سلێمانی بە سەرمایەی نۆ ملیۆن و 354 هەزار دۆلار. 
- پرۆژەکەی زاخۆ بە سەرمایەی پێنج ملیۆن و 476 هەزار و 440 دۆلار. 
- سێ پرۆژەکەی دهۆک بە سەرمایەی 20 ملیۆن و 622 هەزار و 708 دۆلار. 
 
ژمارەی ئەو پڕۆژانەش کە لە 28-7-2019ەوە تاوەکو 02-03-2023ەوە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە 263 پڕۆژەن بە سەرمایەی 13 ملیار و شەش ملیۆن و 194 هەزار و 987 دۆلارە و زۆرترینیان پڕۆژەی پیشەسازی بوون کە ژمارەیان 79 پڕۆژەن و بە ریزبەندی دووەم پڕۆژەی بازرگانییە کە 63 پڕۆژەن. دابەشبوونی ئەو پڕۆژانەش بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە: 
 
- هەولێر، 112 پڕۆژە بە سەرمایەی نۆ ملیار و 653 ملیۆن و 819 هەزار و 713 دۆلار.
- سلێمانی، 73 پڕۆژە بە سەرمایەی دوو ملیار و 269 ملیۆن و 522 هەزار و 497 دۆلار. 
- دهۆک، 48 پڕۆژە بە سەرمایەی 590 ملیۆن و 703 هەزار و 345 دۆلار. 
- هەڵەبجە، 2 پڕۆژە بە سەرمایەی 28 ملیۆن و 363 هەزار و 167 دۆلار. 
- ئیدارەی گەرمیان، 11 پڕۆژە بە سەرمایەی 391 ملیۆن و 992 هەزار و 439 دۆلار. 
- ئیدارەی راپەرین، 5 پڕۆژە بە سەرمایەی 12 ملیۆن و 478 هەزار و 617 دۆلار. 
- ئیدارەی سۆران، 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 15 ملیۆن و 257 هەزار دۆلار. 
- ئیدارەی زاخۆ، 9 پڕۆژە بە سەرمایەی 58 هەزار و 209 دۆلار. 
- ئیدارەی راپەرین، 5 پڕۆژە بە سەرمایەی 12 ملیۆن و 478 هەزار و 617 دۆلار.