بەهای یەک دۆلار بۆ زیاتر لە 30 لیرەی تورکی بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەردەوامە لە دابەزین و یەک دۆلار بە زیاتر لە 30 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 2ـی شوباتی 2024، بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان دابەزی و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد، یەک دۆلار بە 30.50 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
لەگەڵ کردنەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 30.50 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. دواتر بەهای لیرە کەمێک بەرز بووەوە و یەک دۆلار بە 30.45 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. یۆرۆش سەرەتا بە 33.53 لیرە مامەڵەی پێوەکرا و دواتر بە 33.14 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، رێژەی سوودی بانکی لە 42.5٪ بۆ 45٪ بەرزکردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی 2022 چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی 2023 ـدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردبووەوە.