ساڵی رابردوو خواست لەسەر زێڕ ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە


رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵی 2023ـدا خواست لەسەر زێڕ گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. شەڕ و ئابووریی چین هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی کڕینی زێڕن.
 
ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە ساڵی رابردوودا 4,899 تۆن زێڕ مامەڵەی پێوەکراوە، بەوەش بەراورد بە ساڵی 2022 زیادبووە کە مامەڵە بە 4,741 تۆن کرابوو.
 
ئەو بڕە هەردوو جۆری مامەڵەی راستەوخۆ و مامەڵەی بۆرسەکان دەگرێتەوە.
 
شاوکای فان، سەرۆکی بەشی بانکە ناوەندییەکان لە ئەنجوومەنی زێڕ ئاماژە بەوە دەکات، گەورەترین پاڵنەرانی خواست لەسەر زێڕ لە ساڵی 2023ـدا شەڕی ئۆکراینا و غەززە و خاوبوونەوەی ئابووریی چین بوون.
 
دەشڵێت، ئەو سێ هۆکارە دەتوانن لە ئەم ساڵیشدا بەردەوام بن لە زیادکردنی خواست لەسەر زێڕ.
 
رۆژی دووشەممە، 4.12.2023 نرخی زێڕ زیاتر لە 70 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2,143 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، کە بەرزترین ئاستی بوو لە مێژووی تۆمارکراوی ئەو کانزایەدا. هۆکاری سەرەکیش خواستێکی لەڕادەبەری وەبەرهێنەر و بانکە ناوەندییەکان بوو لەسەر زێڕ.
 
لە دوو ساڵی رابردوودا خواستی بانکە ناوەندییەکانی جیهان زیاتر لە هەزار تۆن بووە.
 
شاوکای فان دەڵێت، "لە ساڵی 2023ـدا دووەم بەرزترین ئاستی کڕینی زێڕ لە مێژوودا لە لایەن بانکە ناوەندییەکانەوە تۆمارکراوە."
 
بەپێی راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، لە ساڵی رابردوودا بانکی ناوەندیی چین گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە و 225 تۆن زێڕی کڕیوە، بەوەش کۆی یەدەگی زێڕی وڵاتەکە گەیشتووەتە 2,235 تۆن.
 
قەیرانی سێكتەری خانووبەرەی چین هۆکارێکی سەرەکیی بووە لەوەی وەبەرهێنەر و کڕیارە چینییەکان روو لە کڕینی زێڕ بکەن.