سێ کۆمپانیای چین بە بەهای 13 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە کرماشان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کرماشان و سێ کۆمپانیای چینی لەسەر جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژە بە بڕی 13 ملیۆن دۆلار رێککەوتن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 02-01-2025 مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان لەگەڵ سێ وەبەرهێنەری چینی کۆبووەوە و بەپێی هەواڵێک کە نووسینگەی پارێزگاری کرماشان بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە ئەو سێ کۆمپانیا چینییە ژمارەیەک پڕۆژەی پیشەسازی و خزمەتگوزاری لە پارێزگای کرماشان جێبەجێ بکەن.
نووسینگەی پارێزگاری کرماشان دەڵێت، پڕۆژەکان بە بەهای 13 ملیۆن دۆلارن و جێبەجێ دەکرێن.
دوو لەو پڕۆژانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، دروستکردنی کارخانەی بەرهەمهێنانی گرافیت و هەویری ئەلیکترۆدن کە مادەی کیمیایین؛ دروستکردنی هەردوو کارخانەکە 10 ملیۆن دۆلار تێچووی دەبێت.
پڕۆژەکەی دیکەش بە بڕی 3 ملیۆن دۆلارە بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی تایبەتی گواستنەوە و ترانزێتی کەلوپەل.
ئەو سێ کۆمپانیا چینییە پێکەوە پڕۆژەکان جێبەجێ دەکەن، پێشتریش لە شاری ئیسلامئاوای کرماشان سێ پڕۆژەی پیشەسازییان لە بواری مادەی کانزایی جێبەجێ کردووە.