لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕی دراو لە ساڵی نوێ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕدا نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی و لە بازاڕی دراوی هەولێر و سلێمانی 100 دۆلار گەیشتەوە 153 هەزار دینار. ئاڵوگۆڕکارانیش دەڵێن، بەرچاویان روون نییە لە رێکارەکانی بانکی ناوەندی لە خستنەڕووی دۆلاری کاش.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 02-01-2024، هەرچەندە لە عێراق پشووی فەرمی بوو، بەڵام بازاڕی دراو لە هەرێمی کوردستان کرانەوە. حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 152 هەزار و 200 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
وەکو حاجی سابیر دەڵێت، لە مامەڵەکانی رۆژدا نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە دابەزین بووە و 100 دۆلار گەیشتە ئاستی 153 هەزار و 300 دیناریش، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
هاوکات رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 152 هەزار و 500 دینار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
بەم پێیە، ئەمڕۆ لەکاتی داخستندا نرخی 100 دۆلار لە هەولێر 800 دینار و، لە سلێمانیش 500 دینار دابەزیوە بەراورد بە کاتی کردنەوە.
 
حاجی سابیر و رەوەز میرزا دەڵێن، "ترس و نادڵنیایی لە خستنەڕووی کاش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، هۆکارێکی دابەزینی نرخی دینارە، بەوپێیەی بەرچاوڕوونی نییە لەوەی سبەی بانکەکە دۆلاری کاش دەخاتەڕوو یان نا."
 
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێن، ئەمڕۆ بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە هێرشەکانیشیان بەردەوام دەبن. حاجی سابیر دەڵێت، "ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی دینار داناوە."
 
هاوکات ئیسماعیل محەممەد، شارەزا و ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، بەرچاوڕوونی نییە، بەڵام بڕوام وایە دەبێت سبەی بانکی ناوەندی بەردەوام بێت لە خستنەڕووی دۆلار بە شێوەی کاش، بەوپێیەی 40%ی بازرگان ماون بچنە نێو سیستمی بانکی ناوەندییەوە.
 
هەرچەندە ترس لەوە هەیە ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری کاش نەخاتە بازاڕەوە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی دینار دروست ببێت، بەڵام ئەو شارەزایە دەڵێت، ئەگەر دۆلار بە کاشیش نەیەتە بازاڕەوە نرخی دینار دانابەزێت و، ئەوەی گرنگە حەواڵەیە.
 
بە گوتەی ئیسماعیل محەممەد، ئێستا کارتە ئەلیکترۆنییەکان کاران و بازرگان و گەشتیاران بە نرخی فەرمی دەتوانن لە رێگەیانەوە دۆلار رابکێشن، ئەوەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دەبێت.
 
ئەو شارەزایە دەشڵێت، "پارەی کارتەکان هاتوونەتەوە عێراق، ئەوەش نرخی دینار بەرزدەکاتەوە. گوتیشی، رەنگە چەند رۆژێک نرخی دینار ناجێگیر بێت، بەڵام دواتر سەقامگیر دەبێت."
 
بانکی ناوەندی بڕیاری داوە، لە ئەمساڵدا تەواوی مامەڵە نێوخۆییەکان لە دۆلارەوە بکرێن بە دینار، ئەوەش ووەک هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دینار و، رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی بۆ ئەو وڵاتانەی سزای ئەمریکایان لەسەرە.
 
بانکى ناوەندیی عێراق لە رێگەى رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ زیادکردنى ماڵە بە یۆرۆ و لیرەى تورکى شان بەشانى دۆلار، هەوڵ دەدات بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز بکاتەوە.